وادەی دیاریكراو بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنەكەی ئەنجومەنی نوێنەران تێپەڕی، بێئەوەی زەنگی چوونە ژوورەوە لێبدرێت، بەپێی زانیارییەكان ژمارەیەكی كەمی پەرلەمانتاران ئامادەن.
بڕیاربوو كاتژمێر 11ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دەستپێبكات، بەڵام سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ چارەكە كاتژمێر بەسەر ئەو وادەیەدا، پەرلەمانتاران نەچوونەتە هۆڵی كۆبوونەوە و زەنگی چوونە ژوورەوە لێنەدراوە.
بژار دەباغ، پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا لە بەغدادەوە پێی ڕاگەیاندین، تائێستا تەنها فراكسیۆنەكانی پارتی، سەدر، بەشێك لە سوننەكان و نەوەی نوێ لە پەرلەمانن.
وتیشی، ژمارەیەكی كەمی پەرلەمانتارانی سەربەخۆش لە ئەنجومەن دەبینرێن.
بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی ئێستا كەمتر لە 180 پەرلەمانتار ئامادەن، بەمەش ژمارەی پێویستی بەڕێوەچوونی دانیشتنەكە زۆر كەمترە لە ڕێژەی یاسایی كە (220) پەرلەمانتارە.
پێشتر هەریەك لە فراكسیۆنەكانی یەكێتی، یەكگرتوو، كۆمەڵ، چێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانیی عەزم بەشدارینەكردن و بایكۆتی دانیشتنەكەیان بەهۆی نەگەیشتنە ڕێككەوتن و سازان ڕاگەیاند، جگە لە ژمارەیەكی بەرچاوی پەرلەمانتارانی سەربەخۆ.
دوای ئەوەی لە دانیشتنی یەكەمیدا لە سەرەتای شوباتی ڕابردوو ئەنجومەنی نوێنەران نەیتوانی پرسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری نوێی عێراق یەكلابكاتەوە، دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنەكە ئەمڕۆی بۆ ئەو پرسە دیاریكردووە، دوای ئەوەی ڕێوشوێنەكانی خۆكاندیدكردن و پێداچوونەوە بە ناوەكانیاندا كۆتایی هات.
بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستە 40 كاندید كێبڕكێ دەكەن، بەڵام دیارترینیان بەرهەم ساڵح و ڕێبەر ئەحمەد-ن كە لەلایەن یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستانەوە كاندیدكراون.
ناكۆكیی لایەنە سەرەكییەكانی كورد، شیعە و سوننە لەسەر شێوازی پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو تائێستا ڕێگرە لە هەنگاوەكان بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستە باڵاكان و پێكهێنانی كابینەی نوێ.