سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، دەمانەوێت هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لە حوزەیرانی داهاتوودا ئەنجام بدەین.
مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 17ی تشرینی دووەم لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا وتی، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران ژمارەیەك بڕیار بۆ چارەسەری كۆمەڵێك گرفتی تایبەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەركراون.
وتیشی، “وەك حكومەت دەمانەوێت هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لە حوزەیرانی داهاتوودا ئەنجام بدەین”.
كازمی ئەوەشی خستەڕوو، سەبارەت بە پرسی دارایی و خزمەتگوزارییەكان ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا دەسەڵات بداتە وەزارەتی دارایی بۆ ئەنجامدانی ژمارەیەك ڕێككەوتن.
سەرۆكوەزیران ئەوەشی خستەڕوو، حكومەتەكەی 146 ڕۆژە و هەر لە سەرەتاوە ڕوبەڕووی “درۆ و تۆمەتباركردن” بۆتەوە و لە بەرامبەردا حكومەت بێدەنگی هەڵبژاردووە.
ئاماژەی بەوەشكرد، عێراق گەورەیە و هاوڵاتییەكانی پشوو درێژن و خەڵكەكەی زۆر كات لە بێزاری و بێهیواییدا دەژین.