هاوپەیمانییەكەی پارتی، سەدر و سوننەكان كاندیدانی خۆیان بۆ سەرۆكایەتییەكانی كۆمار و وەزیرانی عێراق ئاشكراكرد.
حەسەن عزاری، سەرۆكی فراكسیۆنی سەدر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا پێكهێنانی هاوپەیمانیی (ڕزگاریی نیشتمان)ی ڕاگەیاند و وتی، هاوپەیمانییەكەیان كاندیدكردنی ڕێبەر ئەحمەد بۆ سەرۆكایەتی كۆمار و محەمەد جەعفەر سەدر بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ڕادەگەیەنێت.
وتیشی، “هاوپەیمانییەكەیان هەنگاو بۆ پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی دەنێت و بەڵێنی تەواوكردنی ڕێڕەوی چاكسازی و خزمەتكردنی گەل لەڕێی بەرنامەیەكی حكومی ڕوون و شەفاف دەدات”.
هاوپەیمانییەكە پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕەوتی سەدر و هاوپەیمانی (سەروەری)ی سوننەكان لەخۆدەگرێت.
ڕاگەیاندنی هاوپەیمانییەكە لەكاتێكدایە دەستەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕۆژی شەممەی داهاتووی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دیاریكردووە.
پێشتر موسەننا ئەمین، ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، تاوەكو ئێستا بەپێی زمانی ژمارەكان، ڕێژەی یاسایی بۆ دانیشتنەكەی ڕۆژی شەممەی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەو دوو لەسەر سێیەی كە پێویستە بۆ دانیشتنەكە، كۆنەكراوەتەوە.
پەرلەمانتارە كوردەكە بەدووری نازانێت، ئەگەر گۆڕانكاریی نوێ لە هاوپەیمانێتییەكان دروستنەبێت، دانیشتنەكەی ڕۆژی شەممەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ چەند ڕۆژێكی دیكە دوابخرێت، ئەمە جگە لەوەی هەندێك پێشهات هەن كە لەسەر كاندیدەكان هێشتا یەكلانەبووەتەوە و بۆیە دوای دانیشتنی دادگای فیدراڵیی عێراق ئەو پرسە زیاتر ڕوون دەبێتەوە.
لەبارەی هەوڵەكەی سەدر بۆ ئەوەی ڕێژەی یاسایی دانیشتنەكە بە سەربەخۆكان تەواوبكات، موسەننا ئەمین پێیوایە، سەربەخۆكان هەموویان یەك بۆچوونیان نیە و دابەشبوون، تەنانەت ئەگەر هەمووشیان یەك بۆچوونیان هەبێت، ڕێژەی یاسایی ئەندامانی ئامادەبووی دانیشتنەكە تەواوناكرێت.