لە ڕۆژی جیهانیی ئاودا، نەتەوە یەكگرتووەكان مەترسیی كەمبوونەوەی ئاوی ڕووبارەكانی دیجلە و فورات لە عێراق ڕادەگەیەنێت و داوادەكات ڕێوشوێنی بەپەلە بۆ پاراستنی ملیۆنان هاوڵاتیی عێراق بگیرێتەبەر.
سامی دیماس، بەڕێوەبەری هەرێمیی پرۆگرامی نەتەوە یەكگرتووەكان تایبەت بە ژینگە ڕایگەیاند، “كەمیی بارانبارین كاریگەری لەسەر ئاوی ڕووبارەكانی دیجلە و فورات دروستكردووە”.
ئاماژەی بەوە كرد، “بە هەموو شێوەیەك پشتیوانیی حكومەت و گەلی عێراق دەكەین بۆ پاراستنی ژینگەی عێراق بە تایبەت كە ئێستا بەهۆی گۆڕانكاریی كەشوهەوا لە جیهاندا هەڕەشەی جددی لەسەر مرۆڤایەتی لە ناوچەكەدا دروستبووە و پێویستی بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی بەپەلەیە بۆ پاراستنی ملیۆنان هاوڵاتی لە ناوچەكە”.
ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەكگرتووەكان باسی لەوە كرد، كەمیی بارانبارین لەمساڵدا كاریگەری لەسەر ئاوی ڕووبارەكانی دیجلە و فورات لە عێراق بە ڕێژەی 73% هەبووە و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما لە جیهان بۆ حەوت هێندە بووەتەهۆی دروستبوونی ناهاوسەنگیی ئاو و هۆكارە بۆ كەمبوونەوەی ئاو لە جیهاندا”.
ئەمڕۆ 22ی ئازار ڕۆژی جیهانیی ئاوە و جێنین پلاسخارت، نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق داوای لە وڵاتانی دراوسێی عێراق كرد بەشداری لە گفتوگۆكانی پەیوەست بە چارەسەركردنی كێشەی سەرچاوە ئاوییەكان و دابەشبوونیان و مافەكانی عێراق لەو بوارەدا بكەن.