دوایین زانیاری لەبارەی سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغداد

مستەفا كازمی و قوباد تاڵەبانی لە بەغداد

ئەگەرچی بڕیارە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی ناوەند شاندێكی هەرێم سەردانی بەغداد بكات، بەڵام سەرچاوەیەكی ئەنجومەنی وەزیران دەڵێت، هێشتا هیچ وادەیەك دیارینەكراوە.

بەرەبەیانی پێنجشەممەی ڕابردوو 12ی تشرینی دووەم ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پرۆژەیاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی (قەرزكردن)ی بە بڕی 12 تریلیۆن دینار پەسەندكرد و ناردنی پشكی هەرێمیشی لەو بڕە بەستەوە بە ڕێككەوتنی حكومەتی هەرێم و كۆمپانیای نیشتیمانی نەوت (سۆمۆ) لەسەر بڕی نەوتی ڕادەستكراو، جگە لە داهاتی ناوخۆ.

پەسەندكردنی بڕیارەكە ناڕەزایی فراكسیۆنە كوردییەكان و دواتریش ناوەندی فەرمییەكانی هەرێمی كوردستانی لێكەوتەوە.

بەپێی ناوەرۆكی ئەو كۆبوونەوەیەش كە یەكشەممەی ڕابردوو تایبەت بە پرۆژە یاساكە لەنێوان سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم لە هەولێر بەڕێوەچوو، بڕیاردرا جارێكی دیكە شاندی هەرێم بۆ گفتوگۆ سەردانی بەغداد بكات.

سەرچاوەیەكی باڵا لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ئەمڕۆ سێشەممە 17ی تشرینی دووەم بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “تائێستا هیچ وادەیەك بۆ سەردانی شاندەكە دیارینەكراوە و هیچ بڕیارێكی نوێ لەئارادا نییە”.

بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی ئێستا لە كۆبوونەوەكەی ڕۆژی یەكشەممەدا داواكراوە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەرۆكایەتی شاندەكە بكات و درێژە بە گفتوگۆكان لەگەڵ بەغداد بدات بەمەبەستی گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی گشتگیر.

لەوبارەیەوە سەرچاوەكە، كە نەیویست ناوی خۆی ئاشكرابكات، وتی، “تائێستا دیارنییە كە كێ سەرۆكایەتی شاندەكە دەكات، ئایا هەمان شاندی پێشوو دەبێت، یان گۆڕانی بەسەردادێت”.

“تائێستا دیارنییە كە كێ سەرۆكایەتی شاندەكە دەكات، ئایا هەمان شاندی پێشوو دەبێت، یان گۆڕانی بەسەردادێت”

دوابەدوای كۆبوونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكە نێچیرڤان بارزانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا وتی، “هەرێمی کوردستان بە هەموو جۆرێک ئامادەیە لەسەر هەموو کێشەکان لەگەڵ بەغداد گفتوگۆ و ڕێککەوتن بکات، کاتی ئەوەش هاتووە بەغداد شێوازی مامەڵەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بگۆڕێت”.

لەبارەی دابینکردنی موچەشەوە، سەرۆکی هەرێمی ڕایگەیاند، کاری لەپێشینەی ئەوان دابینکردنی موچەیە و وتیشی “دەبێت بەغداد بەزووترین کات بیر لە چارەسەرکردنی ئەو بابەتە بکاتەوە”.

بەردەوام بەرپرسانی هەرێم جەخت لەسەر پابەندبوون بە ڕێككەوتن لەگەڵ بەغداد سەبارەت بە پرسی نەوت و بودجە و موچە دەكەنەوە.

لە نوێترینیشیاندا ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم وتی، “ئامادەییمان نیشانداوە بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا سەبارەت بە ئیدارەدانی نەوت و خاڵە سنوورییەکان”.

قوباد تاڵەبانی لەمیانەی بەشداریكردنیدا لە (کۆڕبەندی ئابوری کوردستان لە‌ لە‌ندەن)، کە بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو، وتیشی، “چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانمان لەگەڵ بەغدا وەک یەکێک لە ئەركە لە پێشینەكانمان دەمێنێتەوە، ئامادەیی خۆمان نیشانداوە بۆ ڕێککەوتنێکی گشتگیر لەسەر بەڕێوەبردنی نەوت و گاز، ڕازی بووین بە هاوبەشیکردن و هەماهەنگی لەسەر بەڕێوەبردنی خاڵە سنوورییەکان و ئامادەین بۆ قسەکردن لەسەر خەرجییەکان و وردبینی لە داهاتی شەش ساڵی ڕابردوو”.

دوپاتیشیكردەوە، هەموو داوایەکی دەستووریی و بەجێ کە لێمان کرابێ قبوڵمان کردووە، بۆیە هیچ پاساوێکی تر نەماوەتەوە بۆ بەردەوامبوون لە ڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەران لەلایەن بەغدادەوە.

بابەتی پێشتر

خاچی سوور: مەترسییەكی گەورەتر لە كۆرۆنا هەڕەشە لە زەوی دەكات

بابەتی دواتر

فشاری حكومەتی عێراق بۆ داخستنی كامپەكانی خانەقین و گەرمیان بەردەوامە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share