جەمیل بایک پەیامێكی بۆ ئاهەنگی نەورۆزی قەندیل نارد، هۆشدارییدا لەوەی جیهان لەناو جەنگی سێیەمی جیهاندایە و كوردستانیش مەیدانی سەرەكیی شەڕەكەیە، هۆشداریش دەدات لەوەی توركیا و پارتی دەیانەوێت زیان بە دۆزی كورد و كوردستان بگەیەنن.
لە قەندیل، ئاهەنگی جەژنی نەورۆز دەستیپێكرد، جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆنسەی سەرۆکایەتیی کۆما جڤاکێن کوردستان – کەجەکە، پەیامێكی بۆ ئاهەنگەكە هەبوو، جگە لە جەژنەپیرۆزە، چەند پەیامێكی سیاسیی دا، كە بەشێكی زۆری هۆشداری بوو لە سیاسەتەكانی توركیا بەرامبەر بە كورد و كوردستان و هەروەها بەشداریی پارتی لەو سیاسەتەدا.
بایك لە پەیامەكەیدا ڕایگەیاند، “ئەگەر دەوڵەتی تورک ئەمڕۆ سیاسەتی قڕکردن لەسەر گەلی کورد بەڕێوەدەبات و سیاسەتی داگیرکاریی پێشدەخات و دیمۆگرافیای کوردستان دەگۆڕێت و کۆمەڵکوژی ئەنجامدەدات، ئەم بوێرییە لە پارتییەوە وەردەگرێت، پارتی لەهەموو بەشەکان خزمەتی سیاسەتی دەوڵەتی تورک دەکات”.
بەرپرسەكەی پەكەكە نەیشاردەوە كە ویستوویانە پارتی بەشداریی یەکێتی نەتەوەیی کورد ببێت، “بەڵام بەداخەوە پارتی خزمەتی دوژمنی کرد و لەگەڵ دوژمن دژی گەلی کورد وەستایەوە”.
جەمیل بایک زیاتر لەوەش ڕایگەیاند، توركیا و پارتی “دەیانەوێت پەکەکە و کوردی ئازاد لەناوببەن”، بەپێویستی زانی گەلی كورد ئەو ڕاستییە ببینێت و “لە دژی ئەم خیانەتە بوەستنەوە”، بایك تا ئەو شوێنە ڕویشتووە كە بڵێت، “ئەگەر ڕاستیی پارتی نەناسن و لە دژی نەوەستنەوە، ناتوانن هیچ کاتێک بە ئامانجی ئازادیی و دیموکراسی بگەن، دەوڵەتی تورک بە هاوکاریی پارتی مەترسییەکی گەورەیان بۆ گەلی کورد و باشووری کوردستان دروستکردووە”.
بە پێویستی زانی “گەلی کورد بە ڕۆحی نەورۆز لەدژی ستەم و داگیرکاریی دەوڵەتی تورک و هاوکاریی پارتی بوەستێتەوە، ئەگەر نا مەترسییەکی گەورە لەسەر گەلی کورد هەیە، هەموو دەستکەوتەکانی کورد لەناودەچن”.
بایک پێشیوایە پەكەكە پشكی هەیە لە دروستبوونی قەوارەی هەرێمی كوردستان و “بەشێکە لە پاراستنی ئەو ستاتۆیە”.
بڕوای خۆشی بە گەلی کورد و بەتایبەتی باشووری کوردستان دووپاتكردەوە “لە كاركردن بۆ ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ و دەرکردنی پەکەکە لە لیستی تیرۆر ئەرکی خۆیان جێبەجێبکەن”.
بەرپرسەكەی پەكەكە وتیشی، “پێویستە گەلی کورد ڕاست لە جەژنی نەورۆز بڕوانێت، نەورۆز تەنها ڕۆژی سەیران نییە، بەڵکو دروستکردنی یەکێتی و پێشخستنی بەرخۆدان و ژیانەوەیە بۆ سەرکەوتن”.
بەوتەی جەمیل بایك، ئەوەی ئێستا لە جیهاندا دەگوزەرێت جەنگی سێیەمی جیهانە، “مەیدانی سەرەکی ئەو شەڕەش کوردستانە”، ئەمە جگە لەوەی جەنگی ئۆکرانیا و ڕوسیا بەشێکە لە جەنگی سێیەم جیهان.