بڕیاربوو قەرزی پێبدەنەوە
دوو ساڵە بڕیاری كردنەوەی ئەژمێری بانكی بۆ مووچەخۆران جێبەجێنەكراوە

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، حكومەت دوو ساڵی تەواو پارەی مووچەخۆران قەرزدارە، بەڵام ئامادەنییە ئەژمێرێكی بانكییان بۆبكاتەوە، “لە كاتێكدا ڕۆژانە بە هاندانی داشكاندنی 15% قەرزەكانی لە هاوڵاتییان وەردەگرێتەوە”.

عومەر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، لە ساڵی 2015ەوە تائێستا بەهۆی پەیڕەوكردنی سیستمی پاشەكەوت و لێبڕین لە مووچە، حكومەت دوو ساڵی تەواو پارەی مووچەخۆران قەرزدارە كە دەكاتە “بیست و یەك تریلیۆن و 600 ملیار دینار”، لەو بڕە نزیكەی هەشت تریلیۆن دیناری لە كابینەی نۆیەم بووە.

ئاماژەی بەوە كرد، “تائێستا پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەستیپێنەكردووەتەوە كە ماوەی شەش ساڵە ڕاگیراوە و هیچ بڕیارێك بۆ دەستپێكردنەوەی نەدراوە”.

ئەندامەكەی لیژنەی دارایی باسی لەوە كرد، بەپێی بڕگەكانی یەكەم و دووەم لە ماددەی 13ی یاسای ژمارە دووی چاكسازیی ساڵی 2020، پێویستە وەزارەتی‌ دارایی‌ و ئابوریی هەرێمی كوردستان ئەژمێرێكی‌ بانكی‌ بۆ مووچەخۆر و سوودمەندان لە دارایی‌ گشتی‌ بكاتەوە لەپێناو زامنكردنی‌ شایستە داراییە خەرجنەكراوەكان و لانیكەم بۆ دانەوەی‌ قەرزی‌ ڕسومات‌ و قەرزە جۆراوجۆرەكانی‌ دیكەی هاوڵاتییان لە مووچە پاشەكەوتكراوەكان، بەڵام تا ئێستا دیارنییە حكومەت كەی‌ ئەم ئەركە جێبەجێدەكات كە هیچ پارەیەكی تێناچێت‌.

عومەر گوڵپی باسی لەوە كرد، “حكومەت بە هاندانی‌ داشكاندنی‌ 15% بەردەوامە لە وەرگرتنەوەی‌ پارە و قەرزەكانی‌ خۆی‌ لە هاوڵاتییان، بەڵام هیچ میكانیزمێك بۆ دانەوەی‌ قەرزی‌ مووچەخۆران ناگرێتەبەر”.

بابەتی پێشتر

هەواڵگریی بەریتانیا: داگیركاریی ڕوسیا لە سەرجەم بەرەكاندا ڕاوەستاوە

بابەتی دواتر

کوری تووشی پێکانێکی قورس بوو

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share