بافڵ جەلال تاڵەبانی پەیامێكی بۆ یادی كیمیابارانی هەڵەبجە بڵاوكردەوە، دەڵێت، “دەبێت لەم ڕۆژەدا واز لە دروشم بهێنین و بەکردار خزمەتی هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان بکەین”، بە پێویستی دەزانێت ئەو غەدرەی دەرهەق بە هەڵەبجە كراوە، ببێتە وانەیەک و رۆحی یەکگرتوویی و تەبایی لەنێو لایەنە كوردستانییەكاندا پتەوتر بکات”.
داواش لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات ئاوڕی جددی لە داخوازییەکانی خەڵکی شارەكە بداتەوە و خزمەتی زیاتری هەڵەبجەییەکان بکات.
بافڵ جەلال تاڵەبانی نووسیویشیەتی، “دەبێت ئەو غەدرەی دەرحەق بە هەڵەبجە و دانیشتووانەکەی کرا ببێتە وانەیەک و رۆحی یەکگرتوویی و تەباییمان تێدا پتەوتر بکات”.
دەقی پەیامەكەی بافڵ جەلال تاڵەبانی:
ئەمڕۆ ٣٤ ساڵ بەسەر كیمیابارانی شاری هەڵەبجەی خۆڕاگردا تێدەپەڕێت و بە خەمێكی قووڵەوە یادی ئەو كارەساتە گەورەیە دەكەینەوە كە بەرامبەر گەلی كورد ئەنجامدرا.
دەبێت لەم ڕۆژەدا واز لە دروشم بهێنین و بەکردار خزمەتی هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان بکەین. بەرپرسیارێتی نیشتمانیی و نەتەوەیی ئێمەیە ئاسەوارەکانی ئەم برینە ساڕێژ بکەین و هیوا بۆ هەڵەبجەییەکان بگەڕێنینەوە.
پێویستە حکومەتی عێراق بەرپرسیارانەتر مامەڵە لەگەڵ پارێزگای هەڵەبجە بکات و قەرەبووی کەسوکاری شەهیدان و برینداران بکاتەوە. داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم ئاوڕی جددی لە داخوازییەکانی خەڵکی ئەو شارە خۆشەویستە بداتەوە و خزمەتی زیاتری هەڵەبجەییەکان بکات.
دەبێت ئەو غەدرەی دەرحەق بە هەڵەبجە و دانیشتووانەکەی کرا ببێتە وانەیەک و رۆحی یەکگرتوویی و تەباییمان تێدا پتەوتر بکات. دەبێت سەرکردایەتیی سیاسیی کورد لەوە تێبگات چەند لە دیدگا و روانینمان بۆ سیاسەت جیاواز بین، بەڵام لە ئازاردا هاوبەشین و دەبێت کارێک بکەین جارێکی تر هاوڵاتییانمان رووبەڕووی سەختی و نەهامەتی نەبنەوە.
دەبێت هەموو خەڵکی خۆشەویستی کوردستان بەیەک چاو سەیربکرێن و خزمەت بکرێن. ئازادیی ئەمڕۆ و دروستبوونی دامەزراوە دەستوورییەکان لە هەرێمی کوردستان بەرهەمی خوێنی شەهیدان و تێکۆشانی خەڵکە، ئەرکی ئێمەیە بەرپرسیارێتی ژیان و گوزەرانی خەڵک هەڵبگرین و بەرامبەر قوربانییەکانیان وەفاداربین.
سڵاو لە رۆحی پاكی شەهیدانی هەڵەبجە و سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاریی كوردستان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
16ی ئاداری 2022