له‌سه‌ر دۆخى ئۆكرانیا پوتین په‌یوه‌ندیی ته‌له‌فۆنى له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا و ڕاوێژكارى ئه‌ڵمانیا ده‌كات

سه‌رۆكی ڕوسیا په‌یوه‌ندیی ته‌له‌فۆنى له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا و ڕاوێژكارى ئه‌ڵمانیا ئه‌نجامدا و دۆخی ئۆكرانیایان تاوتوێكرد.

كۆشكى كرملین له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه‌، ڤلادیمێر پوتین له‌ دوو په‌یوه‌ندیی ته‌له‌فۆنی جیاوازدا له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ ئیمانوێل ماكرۆن و ئۆلاف شۆڵتس، گفتوگۆی كردووه‌ و به‌و دوو سه‌ركرده‌ ئه‌وروپیه‌كه‌ی وتووه‌، سوپای ئۆكرانیا یاساكانی مافی مرۆڤ پێشێل ده‌كات.

هه‌ر به‌پێی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، پوتین به‌ هه‌ردوو سه‌ركرده‌ ئه‌وروپییه‌كه‌ى وتووه‌،”ڕه‌شبگیرییه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كیی ئه‌ندامانی ئۆرپۆزسیۆنی ئۆكرانیا له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی كیێڤ و به‌ بارمته‌گرتنی هاوڵاتییانی سڤیل و به‌كارهێنانیان وه‌ك قه‌ڵغانی مرۆیی‌” ده‌ستیپێكردووه‌.

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی به‌ ماكرۆن و شۆڵتس وتووه‌ كه‌، “سوپای ئۆكرانیا چه‌كی قورسی له‌ ناوچه‌كانی نیشته‌جێبوونی سڤیل و نزیك نه‌خۆشخانه‌ و قوتابخانه‌ و باخچه‌ی ساوایان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌”.

كۆشكى كرملین ڕاشیگه‌یاندووه‌، “سه‌رۆكى ڕوسیا داواى له‌ سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا و ڕاوێژكارى ئه‌ڵمانیا كردووه‌، كاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی كیێڤ دروستبكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی سنوورێك بۆ ئه‌و كرده‌وه‌ تاوانكارییانه‌ دابنێن”.

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌، كۆشكی ئیلیزێ بڵاویكرده‌وه‌، به‌ر له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌ ماكرۆن په‌یوه‌ندیی به‌ زیلینسكییه‌وه‌ كردووه‌.

بابەتی پێشتر

(ڤیدیۆ) کریستیانۆ به‌ "هاتریک" یونایتدی له‌دۆڕاندن ڕزگارکرد

بابەتی دواتر

سه‌رۆكى شاره‌وانیى سلێمانى: پڕۆژه‌ی شه‌قامی 100 مه‌تری ڕاناگیرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share