نزیکەی دوو مانگە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ دەستپێکردنەوەی دابەشکردنی دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆکان دەرچووە، بەڵام تائێستا زانکۆکانی هەولێر هیچ بڕە پارەیەکیان دابەشنەکردووە بەسەر خوێندکاراندا، لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەرلەمانیش ئاماژە بەبوونی داهاتێکی یەکجار زۆر لە زانکۆکانی هەولێر دەکات.
ئەمڕۆ خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەولێر لەبەردەم وەزارەتی خوێندنی باڵا گردبوونەوەی ناڕەزاییان ئەنجامدا و داوای دابەشکردنی دەرماڵەکانیان کرد، لەکاتێکدا زانکۆکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و کۆیە دەرماڵەی تەواو دراوە بە خوێندکاران.
لەوبارەیەوە شەمۆڵ ئاشتی ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “دوای بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ دابەشکردنی دەرماڵەی خوێندکرانا وەزارەتی خوێندنی باڵا زانکۆکانی ڕاسپارد بە داهاتی خۆیان دەرماڵە دابەشبکەن و ئەو دەسەڵاتە درا بە زانکۆکان”.
ئەندامەکەی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەکرد، زانکۆکانی داهاتەکانیان جیاوازە، زانکۆیەکی وەکو چەرمۆ داهاتی کەمە ناتوانێت دەرماڵە بەوە دابەشبکات، بەڵام زانکۆکانی هەولێر داهاتێکی یەکجار زۆریان لەبەردەستدایە کە دەتوانن سەرجەم دەرماڵەی خوێندکاران بەبێ کەموکورتی دابەشبکەن.
بەپێی لێدوانی ئەندامەکەی لیژنەی خوێندنی باڵای پەرلەمان، زانکۆکانی هەولێر دەڵێن داهاتیان گەڕاندووەتەوە لەکاتێکدا نزیکەی دوو مانگە ئاگادارکراونەتەوە کە لەداهاتی خۆیان دەرماڵە دابەشبکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، “بەشێک لەزانکۆکان بەبڕیاری کاک بافڵ تاڵەبانی پارەی دەرماڵەی خوێندکارانیان بۆ دابینکراوە، زانکۆی کۆیە کە ئێمە بەدواداچوونمان کردووە دەڵێن، پارەکەیان لە کاک بافڵەوە بۆ دابینکراوە، کە بڕەکەی 200 ملیۆن دینار بووە”.
لە گردبوونەوەی ئەمڕۆی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەولێر ڕایانگەیاند، کەدەیانەوێت هاوشێوەی زانکۆکانی دیکە ئەوانیش دەرماڵەیان پێبدرێت، هەروەها نۆژەنکردنەوەی بەشەناوخۆییەکانیان و دابینکردنی پێداویستییەکانیان یەکێکی دیکە لە داواکارییەکانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەولێر بوو.
ئەو دەرماڵەیەی دابەشدەکرێت، بڕەکەی بۆ خوێندکارانی ناوشارەکان 40 هەزار دینارە و بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار 60 هەزار دینارە، تائێستا تەنها خویندکارانی سنووری پارێزگای سلێمانییە و لەلایەن بافڵ جەلال تاڵەبانییەوە پارەکەی دابینکراوە.