سندوقی دراوی نێودەوڵەتی ڕایدەگەیەنێت، شەڕی ئۆكرانیا بووەتەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە و دانەوێڵە و كاریگەریی گەورەی لەسەر ئابوریی جیهان دەبێت.
ڕێكخراوەكە لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت، شەڕی ئۆكرانیا بووەتەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە و دانەوێڵە، سەرەڕای ئاوارەبوونی زیاتر لە یەك ملیۆن كەس بۆ وڵاتانی دراوسێ.
ڕاگەیەندراوەكە كە پاش كۆبوونەوەیەكی ئەنجومەنی كارگێڕیی سندوقی دراو بڵاوكرایەوە تیاشیدا هاتووە، دۆخەكە تائێستا ناسەقامگیرە و پێشبینییەكان لەبەردەم ئەگەری جۆراوجۆردان، كاریگەرییە ئابورییەكانی زۆر مەترسیدارن.
هۆشداری ئەوەشدەدات، بەردەوامی شەڕ و سزا پەیوەندیدارەكانی كاریگەری گەورەی لەسەر ئابوریی جیهانی دەبێت.
ڕێكخراوەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، شۆكی نرخ سەرجەم ناوچەكانی جیهان هەستی پێدەكات، بۆیە پێویستە لەسەر دەسەڵاتداران پشتیوانیی دارایی پێشكەشی خێزانە هەژارەكان بكەن، بەهۆی ئەوەی خۆراك و وزە زیاتر دەبێت لە داهاتەكانیان.
ڕوونیشیكردەوە، ئەو سزا بەرفراوانانەی ویلایەتە یەكگرتووەكان و وڵاتانی ئەوروپی و ئەوانی دیكە بەسەر ڕوسیادا دەیسەپێنن، “كاریگەریی گەورەی دەبێت لەسەر ئابوریی جیهانی و بازاڕی دارایی، لەگەڵ كاریگەرییە گەورەكەی بۆسەر وڵاتانی دیكە”.