لە ساڵیادی ڕاپەڕینی خەڵكی كوردستاندا، دەزگای دژەتیرۆر بە پێویستی دەزانێت خەڵکی کوردستان “لە ئازادیی سیاسیی تەواوەتیدا بژین و لەڕووی ئابورییەوە هەست بە دڵنیایی بکەن”، داوادەكات هەموو ڕێگەیەك بۆ ئەو مەبەستە بگیرێنەبەر.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دەزگای دژەتیرۆر، ئەمڕۆ شەممە پەیامێكی بەبۆنەی ساڵیادی ڕاپەڕینی خەڵكی كوردستانەوە بڵاوكردەوە.
لە پەیامەكەیدا دەزگای دژەتیرۆر بە پێویستی دەزانێت خەڵکی کوردستان لە ئازادیی سیاسیی تەواوەتیدا بژین و لەڕووی ئابورییەوە هەست بە دڵنیایی بکەن و دەڵێت، “بۆ ئەمەش ئەرکی هەموو لایەکە هەموو ئەو میکانیزمانە بگرینەبەر کە ئازادیی سیاسی و ئابوری بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دابیندەکەن”.
دەقی پەیامەكە:-
ئەمڕۆ 31 ساڵ بەسەر سەرکەوتنی گەلی کوردستاندا تێپەڕدەبێت کە تێیدا هاونیشتیمانییانی کوردستان لە ڕانیەی دەروازەی ڕاپەڕینەوە، توانییان بەسەر زوڵم و زۆرداریی دەسەڵاتی لەناوچووی بەعسدا سەرکەوتن بەدەستبهێنن.
لەم ساڵیادەدا، پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەین، بۆ ئەوەی ڕاپەڕین واتا ڕەسەنەکەی خۆی تەواوبکات پێویستە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە ئازادیی سیاسیی تەواوەتیدا بژین و لەڕووی ئابورییەوە هەست بە دڵنیایی بکەن، بۆ ئەمەش ئەرکی هەموو لایەکە هەموو ئەو میکانیزمانە بگرینەبەر کە ئازادیی سیاسی و ئابوری بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دابیندەکەن.
لەم ساڵیادەدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدان نەوی دەکەین، بەڵێن دووپات دەکەینەوە هەمیشە درێژەپێدەری ڕێگەی ڕاستی شەهیدەکانمان دەبین.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دەزگای دژەتیرۆر