سەڵاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەكگرتوو، لە دۆخی هەرێمی كوردستان نیگەرانە و پێی وایە “زەنگی مەترسی” لێیداوە و “ئاماژەی ملنانە بەرەونادیار”، ڕەخنەی ئەوەش دەگرێت، كە لەبری چارەسەر “لێدوانی توند و هەڕەشە دەبیستین”.
ئەمڕۆ سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی، تویتێکی لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە، نووسیویەتی، “ئەمەی دەگوزەرێ لەم هەرێمەدا زەنگی مەترسیە و ئاماژەی ملنانە بەرەونادیار”.
ئەمیندارەكەی یەكگرتوو نیگەرانیشە لەوەی، “لەجیاتی هەوڵی دۆزینەوەی دەرچە و چارەسەر، لێدوانی توند و هەڕەشە دەبیستین! لەجیاتی ئاشتکردنەوەی هاوڵاتیی بێخزمەت، بێمنەتی و بێباکی لە گەندەڵی و بێمووچەیی و گرانی و بێکاریی گەنجان دەبینین! حاڵی تەحەدییە دەرەکییەکانیش ڕوونە!”.
تویت و هەڵوێستەكەی سەڵاحەدین بەهائەدین دوای لێدوان و كۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەكەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دێت، كە تایبەت بوو بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی دژ بە نەوتی هەرێمی كوردستان، هەروەها قسەكردن لەسەر داهات و مووچە.