هێرشی ڕوسیا بۆسەر ئۆكرانیا كوردانی ئەو وڵاتەی خستووەتە دۆخێكی ناهەموارەوە، خوێندكارێكی كورد دەڵێت، بەشێك لە كوردەكان ئاوارەی سنوورەكان بوون، هەندێكیشیان خۆیان حەشارداوە و ناتوانن بێنەدەرەوە.
ئارا حاجی، خوێندكاری كورد لە ئۆكرانیا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، هەزاران كورد و عێراقی لە ئۆكرانیان، كە ژمارەیەكی زۆریان خوێندكارن.
وتیشی، “بەهۆی شەڕی چەند ڕۆژی ڕابردووەوە، ژمارەیەكی بەرچاوی كوردانی وڵاتەكە گەیشتوونەتە سەر سنوورەكان و هەندێكیان پەڕیونەتەوە بۆ وڵاتانی دیكە، هەندێكی دیكەش لە ژێرزەمینەكان خۆیان حەشارداوە و ناتوانن بێنەدەرەوە”.
ئارا، كە خۆی یەكێكە لەوانەی ئۆكرانیای بەرەو سنووری پۆڵەندا جێهێشتووە، وەك خۆی دەڵێت، زیاتر لە چوار ڕۆژ بەڕێگاوە بووە و دەڵێت، دۆخیان زۆر خراپە و كەشوهەوا زۆر ساردە و خۆراك و خواردنەوەیان پێنییە.
ئاشكراشیكرد، زۆرینەی كوردەكان بەرەو سنووری وڵاتانی پۆڵەندا، ڕۆمانیا، هەنگاریا و سلۆڤاكیا ڕۆیشتوون، هەندێكیشیان پەڕیونەتەوە.
ئەو خوێندكارە گلەیی ئەوەشیكرد، بەهیچ جۆرێك لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە هاوكاری نەكراون، تەنانەت نوێنەرانی حكومەت وەڵامی تەلەفۆنیش نادەنەوە. دووپاتیشیكردەوە، تائێستا هیچ لایەنێكی عێراقی و كوردی هاوكاریی كوردانی وڵاتەكەی نەكردووە.
لەنێو ئاوارەبووەكاندا خوێندكارانی پزیشكی گشتی، پزیشكی ددان، ئەندازیاری و بەشەكانی دیكە هەن، بەمەش هەم چارەنووسی خۆیان و هەم چارەنووسی خوێندنەكەیان بەنادیاری و هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.
بەرەبەیانی پێنجشەممەی ڕابردوو ڕوسیا دەستپێكردنی هێرشی بۆسەر ئۆكرانیا ڕاگەیاند، لەماوەی شەش ڕۆژی ڕابردوودا شەڕی كۆڵان بەكۆڵان گەیشتووەتە چەندین شاری وڵاتەكە و بەهۆیەوە هەزاران كەس ئاوارەی وڵاتانی دەوروبەر بوون.