وەزارەتی تەندروستيی هەرێمی كوردستان، هۆكاری سەرهەڵدانی قەیرانی دەرمان لە بەشێك لە نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكان ئاشكرادەكات و بەرپرسێكی ئەو وەزارەتەش دەڵێت، لەهەوڵداین بەزووترین كات ئەو گرفتە چارەسەربكەین.
د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، هەر دەرمانێك كە بۆ نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكان دابیندەكرێت لە كوالێتیی كۆنترۆڵ پشكنینی بۆ دەكرێت و بەدەر لەوە ڕێگەنادرێت دەرمانی خراپ و ماوەبەسەرچوو لە نەخۆشخانەكاندا بدرێتە هاوڵاتییان.
وتیشی، “ئەولەویەتی ئەو داهاتەی لەبەردەستی حكومەتدایە بۆ مووچەی فەرمانبەران دابیندەكرێت، بۆیە كێشەی كەمیی دەرمان سەریهەڵداوە و ئەو كێشەیەش تەنها لە یەك پارێزگا و ئیدارەی سەربەخۆدا نییە، بەڵكو لە زۆربەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان ئەو گرفتەمان هەیە”.
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی جەختیكردەوە، لەگەڵ حكومەتی هەرێم لە پەیوەندیی بەردەوامدان تا بتوانن لە زووترین كاتدا كێشەی كەمیی دەرمان لە نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكان چارەسەربكەن.
بەهۆی خەرجنەكردنی پارەی كۆمپانیاكانی دەرمان، گرفت بۆ كەرتی تەندروستی و نەخۆشخانەكانی سلێمانی دروستبووە. لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا ئومێد عەلی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، گرفتی كەمیی دەرمان و پێداویستیی تەندروستییان بۆ دروستبووە و فشارێكی زۆریان لەسەرە، ئەگەر تا هەفتەیەكی دیكە دەرمان و پێداویستییەكانیان بۆ پڕنەكرێنەوە، ناچارن نەخۆشخانەكە دابخەن.