بڕیارە ئەمڕۆ دادگای فیدراڵیی عێراق لەبارەی پرسی دووبارە كردنەوەی دەرگا بۆ خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، بڕیار بدات.
ئەمڕۆ سێشەممە دادگای فیدراڵیی عێراق کۆدەبێتەوە، لەبارەی یاساییبوون و یاسایینەبوونی بڕیاری سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دووبارە كردنەوەی دەرگای خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بڕیار دەدات.
ڕۆژی چوارشەممەى ڕابردوو دادگا دانیشتنی بۆ هەمان مەبەست هەبوو، بەڵام دوایخست بۆ ئەمڕۆ 2022/3/1.
دوای ئەوەی نەتوانرا لەماوە دەستووری و یاساییەكاندا سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرێت، سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاریدا سێ ڕۆژ دەرگای خۆكاندیدكردن بۆ پۆستەكە بكاتەوە، بەڵام بەشێك لە لایەنەكان و پەرلەمانتارانی عێراق دووبارە كردنەوەی دەرگای خۆكاندیدكردن بە نایاسایی دەزانن، بۆیە باسم خەشان پەرلەمانتاری عێراق لەوبارەیەوە سكاڵای لە دادگای فیدراڵی تۆماركرد.
بەپێی ماوە دەستوورییەكان، پێویست بوو تا ڕۆژی هەشتی مانگی ڕابردوو لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرایە، بەڵام ئەو كارە نەكرا، بۆیە محەمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران هەمان ڕۆژ بڕیاریدا بە دووبارە كردنەوەی دەرگای خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار.