وەزیرێكی حكومەتی فەڕەنسا ڕایدەگەیەنێت، ئەگەری “سزای ئابوری” لەلایەن یەكێتی ئەوروپاوە بۆ سەر توركیا بەهۆی هەڵوێستە دوژمنكارییەكانی بۆ سەر سنووری ئەوروپا لەئارادایە.
كلیمان بۆن، وەزیری حكومەتی فەڕەنسا بۆ كاروباری ئەوروپا ئەمڕۆ یەكشەممە 15ی تشرینی دووەم وتی، ئەگەری سەپاندنی سزا بەسەر بەشێك لە كەرتە ئابورییەكانی توركیادا لە ئارادایە.
كلیمان لە لێدوانێكدا ئەوەشی وت، “سەرجەم بژاردەكان لەبەردەمدان، لەوانەش سزای تاك”، بۆ ئەوەش ئاماژەی بەو سزایانە دا كە دەرهەق بە ژمارەیەك لە بەرپرسانی توركیا دەركرا بەهۆی هەوڵەكانی تایبەت بە دۆزینەوەی غاز لە دەریای ناوەڕاست.
پاش زنجیرەیەك ناكۆكی، لە كۆتایی تشرینی یەكەمی ڕابردوو یەكێتی ئەوروپا هەوڵەكانی توركیای لە ئاوەكانی ناوەڕاستدا ئیدانەكرد و بە “قبوڵنەكراو” ناویبرد، بەڵام هەر بڕیارێكی دەربارەی سەپاندنی سزا بۆ كۆبوونەوەی لوتكە لە كانونی یەكەمی داهاتوو دواخست.
وەزیرە فەڕەنسییەكە ئەوەی خستەڕوو، لە دوا كۆبوونەوەی لوتكەی ئەوروپا هەلێكمان دایە توركیا، كە لای خۆیەوە هەندێك ئاماژەی دەربارەی هێوركردنەوە نارد، بەڵام جارێكی دیكە ڕێگای “سەرزنشتانە و دوژمنكارانەی پلانداڕێژراوی گرتەبەر”. ئەوەشی وت، بەدڵنیاییەوە ئێمەش زیاتر لەوە هەنگاو دەنێین.