وادەی هەڵبژاردن دیاریكراوە، بەڵام گرفتەكانی بەردەمی چارەسەرنەكراون

له‌گه‌ڵ ئەوەی واده‌ی هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان له‌لایه‌ن سه‌رۆكى هه‌رێمه‌وه‌ ‏دیاریكراوه‌، به‌ڵام تائێستا یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌موارنه‌كراوه‌ته‌وه‌ و كێشه‌كانى كۆمسیۆن ‏چاره‌سه‌رنه‌كراون، بۆیە به‌شێك له ‌لایه‌نه‌كان له‌گه‌ڵ ئەوە نین هەڵبژاردن بەمشێوەیە ‏ئەنجامبدرێت.‏

‏”كۆمسیۆن ماوه‌ی به‌سه‌رچووه‌ و ناتوانێت هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدات”‏

یه‌كێتیى نیشتمانیی كوردستان، تێبینى له‌باره‌ى به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردن بەبێ ‏هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن هه‌یه‌، سوورە لەسەر ‏هەمواركردنەوەی یاساكە.‏

له‌و باره‌یه‌وه‌ ڕزگار حاجى حه‌مه‌ ئه‌ندامى مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتى و به‌رپرسی مه‌كته‌بی ‏هه‌ڵبژاردنى ئه‌و حزبه‌ به‌ تۆڕی میدیایی ئێستاى ڕاگه‌یاند، “کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی ‏هەرێمی کوردستان ماوەى بەسەرچووه‌ و ناتوانێت هەڵبژاردنی په‌رله‌مانى كوردستان ‏ئەنجام بدات”، پێیوایە چارەسەر ئەوەیە، ماوەکەیان بۆ درێژبکرێتەوە، یان کۆمسیۆنێکی ‏نوێ دیاریبکرێت.‏

ئەمە جگە لەوەی یەكێتی سوورە لەسەر ئەوەی یاسای هەڵبژاردن هەمواربكرێتەوە و ‏بكرێتە فرەبازنەیی، (یەكێكی لەگەڵ چوار بازنەدایە)، لەو بارەیەوە پێشنیازی خۆیان داوە ‏بە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان.‏

‏”زیاتر له‌ ساڵێكه‌ داواى هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاسای هه‌ڵبژاردنمان كردووه‌” ‏

بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانیش له‌باره‌ى به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ گله‌یی و گازەنده‌ى هه‌یه‌ و ‏ده‌ڵێت، “ماوه‌ى زیاتر له‌ ساڵ و نیوێكه‌ داوامانكردووه‌ یاسای هەڵبژاردن‌ ‏هه‌مواربكرێته‌وه‌”.‏

گوڵستان سه‌عید، سه‌رۆكى فراكسیۆنى گۆڕان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌ تۆڕی میدیایی ‏ئێستاى ڕاگه‌یاند، “ماوه‌ى زیاتر له‌ ساڵ و نیوێكه‌ داوامان له ‌سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانى ‏كوردستان كردووه‌، ئه‌و كۆمسیۆنه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ى ماوه‌ى یاسایی به‌سه‌رچووه،‌ ‏چاره‌سه‌رێكى یاسایی بۆ بكرێت، به‌ڵام ئه‌و گرفته‌ تائێستا چاره‌سه‌رنه‌كراوه‌ و وه‌كو خۆی ‏ماوه‌ته‌وه”‌. ‏

لەبارەی یاسای هه‌ڵبژاردنیشەوە، سەرۆك فراكسیۆنەكەی گۆڕان ده‌ڵێت، “به‌هۆی ئه‌وه‌ى ‏كه‌موكورتى له‌ یاساكه‌دا هه‌یه،‌ له‌ ساڵى 2021ــه‌وه‌ هه‌موارێكى پێشنیازكراومان پێشكه‌شی ‏په‌رله‌مانى كوردستان كردووه‌، به‌ڵام تائێستا نه‌خراوه‌ته‌ به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كانى ‏په‌رله‌مانه‌وه‌”. ‏

بۆیە سه‌رۆكى فراكسیۆنى گۆڕان لەگەڵ ئەوەی سەرۆكی هەرێم كاتی هەڵبژاردنی ‏دیاریكردووە، دووپاتیكردەوە، بزوتنەوەكە لەگەڵ ئەوەیە چاره‌سه‌رێكى یاسایی بۆ كۆمسیۆن ‏بدۆزرێته‌وه‌، “كه‌موكورتى له‌ كۆمسیاران هه‌یه و‌ ده‌بێت پڕبكرێنه‌وه‌، یان ده‌سه‌ڵات بدرێته‌ ‏هه‌ر هێزێكى سیاسی كه‌ بتوانێت كۆمسیاره‌كه‌ى ئاڵوگۆڕ بكات، كه‌ ئه‌ویش كۆده‌نگیی ‏سیاسیی پێویسته‌”.‏

‏”له‌هه‌مووى گرنگتر هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاساى هه‌ڵبژاردنه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر یاساكه‌ ‏نوێنه‌كه‌ینه‌وه‌ كۆمسیۆنمان بۆچیه؟‌”، گوڵستان سه‌عید واده‌ڵێت.‏

پێشیوایە، ئه‌و كارانه (هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن)‌ ‏پێویستی به ‌سازانى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانه‌، چونكه‌ ڕه‌هه‌ندى نیشتمانییان هه‌یه‌. ‏

سەرۆكی فراكسیۆنەكەی گۆڕان پێیوایە، “جگە لە یاسای هەڵبژاردن، تۆمارى ‏ده‌نگده‌رانیش كه‌موكوڕیی زۆره‌، بۆیه‌ ده‌مانه‌وێت تۆمارى ده‌نگداران ببێته‌ ‏بایۆمه‌ترییه‌كه‌ى عێراق و هه‌وڵیش بده‌ین جۆری بازنه‌كانی هەڵبژاردن به‌شێوه‌یه‌كى دیكه‌ ‏بێت”.‏

ئەمە جگە لەوەی پێیوایە، به‌هۆی ئه‌وه‌ى كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ماوه‌كه‌ى به‌سه‌رچووه‌، ‏ناتوانێت سه‌روكارى هه‌ڵبژاردن بكات، چونكه‌ هیچ ده‌سه‌ڵاتێكى نییه‌ و ده‌بێت چاره‌سه‌رێكى ‏یاسایی بۆ بكرێت.‏

بابەتی پێشتر

بەهۆی گۆڕانکارییەکانی ئاووهەواوە نیوەی دانیشتووانی جیهان لەمەترسیدان

بابەتی دواتر

چاڤی ئینێستای نوێی دۆزیوەتەوە؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share