دوو كەس تەقەیان لە بارەگای ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری لە سلێمانی كرد و دوای دەستگیركردنیان، ئاسایش لێكۆڵینەوەی لە ڕووداوەكە دەستپێكردووە.
ئەمشەو دوو كەس كە دەوترێت “سەرخۆشبوون” تەقەیان لە بارەگای ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری لە سلێمانی كردووە، لەلایەن پاسەوانەكانی بارەگاكەوە هەردوو كەسەكە دەستگیركراون و پاشان ڕادەستی هێزێكی ئاسایش كراون، تەقەكردنەكە هیچ زیانێكی لێنەكەوتووەتەوە.
یاسین سەمیع وتەبێژی ئاسایشی سلێمانی، بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا ڕووداوەكەی پشتڕاستكردەوە و وتی، “چەند كەسێك لە شوێنی ڕووداوەكە دەستگیركراون و لێكۆڵینەوە دەستیپێكردووە بۆ ئەوەی بگەن بەوەی كە ئایا ڕووداوەكە پەیوەندی بە كۆمەڵی دادگەرییەوە هەیە یاخود تەقەكردنەكە لەنێوان ئەو گەنجانە خۆیاندا بووە”.
كەمێك لەمەوبەر و لە ڕوونكردنەوەیەكدا، وتەبێژی کۆمەڵ ڕایگەیاند، “ئەمشەو کاژێر 7:30 دوو کەس لە بەردەم بارەگای ئەنجومەنی باڵا تەقەیان کردووە و لەلایەن پاسەوانەکانی بارەگا دەستگیرکران و بە سوپاسەوە ئاسایشی سلێمانی و پۆلیسی 104 ھاوکاربوون و ھەردووکیان لەژێر لێکۆڵینەوەن لە ئاسایش و چاوەڕێی لێکۆڵینەوەی ئەوانین”.