ڤلادیمێر پوتین هەڵكشانی هەڕەشە ئەمنییەكانی سەر ڕوسیا بە هۆكاری هەڵگرتنی هەنگاوی هێرشكردنە سەر ئۆكرانیا ناودەبات، دەڵێت، ئەوە نەكرایە، “دیار نەبوو دەمێنینەوە یان نا”، دەشڵێت، ئامادەن بۆ سزا چاوەڕوانكراوەكان.
ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی ڕوسیا لەگەڵ پیاوانی كار و بەرپرسانی بازرگانیی وڵاتەكەی كۆبووەوە، قسەیان لەبارەی كاریگەرییە ئابورییەكانی دوای هەنگاوی هێرشكردنە سەر ئۆكرانیا و كاردانەواكانی دواتری كرد.
پوتین دووپاتیكردەوە، هەڕەشە ئەمنییەكانی سەر ڕوسیا گەیشتبووە ئاستێك، كە چیتر نەدەكرا دەستەواستان بن بەرامبەری، تەنانەت بەوتەی پوتین دۆخەكە گەیشتبووە ڕادەیەك، “ئەگەر ئەو هەنگاوە نەنرایە، ڕووبەڕووی هەڕەشەیەكی وا دەبووینەوە، كە نازانم دەوڵەتەكەمان چۆن دەیتوانی بەردەوام بێت”.
سەرۆكی ڕوسیا تا ئەو ڕاددەیە هەڕەشە ئەمنییەكانی سەر ڕوسیای بە گەورە زانی، كە بڵێت، “هەڕەشەكان دەكرا كاریگەریی لەسەر بوونمان هەبێت”، بۆیە هەنگاوەكەی وڵاتەكەی بۆ هێرشكردنە سەر ئۆكرانیا بە “ڕێكارێكی ناچاری” وەسفكرد.
چاوەڕواندەكرێت بەهۆی هێرشی ڕوسیا بۆسەر ئۆكرانیا، وڵاتان سزای مۆسكۆ بدەن، بەڵام ڤلادیمێر پوتین هەر لەو كۆبوونەوەیەدا ڕایگەیاند، “ئامادەین بۆ سزاكان”.
دڵنیاییشی دا لەوەی، نایانەوێت زیان بە سیستمی جیهانی بگەیەنن كە “ڕوسیا بەشێكە لە سیستمە جیهانییەكە”.