لە ڕووی ئابورییەوە دەرچوونی عێراق لەژێر بەندی حەوتەمی نەتەوە یەكگرتووەكان چ سوودێكی هەیە؟

سوپای عێراق لە سەردەمی سەدام حسێن بۆ ماوەی حەوت مانگ لە ئابی 1990 تا شوباتی 1991 كوەیتی داگیركرد

عێراق بەفەرمی دەرچوونی لەژێر بەندی حەوتەمی پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕاگەیاند، نزیكەی 30 ساڵ پاش داگیركردنی كوەیت، شارەزایەكی ئابوری پێیوایە دەبێتەهۆی باشبوونی ئابوریی وڵات و دەستبەركردنی ملیۆنان دۆلار بۆ خەزێنەی دەوڵەت.

ڕۆژی سێشەممە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەكۆی دەنگ بڕیارێكی دەركرد كە بەپێی ناوەرۆكەكەی كۆتایی بە كارەكانی (لیژنەی نەتەوە یەكگرتووەكان تایبەت بە زیانەكانی ئاكامی داگیركردنی كوەیت لەلایەن عێراقەوە لە ساڵی 1990) هێنا، دوای ئەوەی بەغداد كۆی پارەكەی سەرشانی كە 52.4 ملیار دۆلاربوو دایەوە.

هەر بەپێی بڕیارەكە “حكومەتی عێراق چیتر داوای پارەداركردنی سندوق”ی ژێر دەسەڵاتی لیژنەكەی لێناكرێت كە لەڕێی بەشێك لە داهاتی فرۆشتنی نەوت و بەرهەمەكانییەوە دابیندەكرا.

شارەزایەكی ئابوری پێیوایە دەرچوونی عێراق لەژێر بەندی حەوتەم و كۆتاییهاتنی كاری لیژنەی قەرەبوو كاریگەریی ئەرێنی لەسەر هەردوو لایەنی دارایی و ئابوری دەبێت.

سایتی ئەلحورە لە زاری هومام شەماع، شارەزای ئابوری ڕایگەیاند، كۆتاییهاتنی كارەكانی لیژنەكە واتا داواكارییەكان دژ بە عێراق ڕادەوستن، لەمەودواش ناتوانرێت داوای هیچ بڕە پارەیەك بكرێت.

شەماع ئەوەشی وت، “بەر لەم وادەیە ژمارەیەكی زۆری داواكارانی قەرەبوو هەبوون، ئەوانە زۆربوون و بانگەشەی زیانمەندبوونیان دەكرد”.

مەترسیبوو لەسەر ئابوریی عێراق كە دادگاكان بڕیاربدەن، یان دەستبەسەر پارەی عێراقدا بگرن كە لەنێو بانكەكاندا بوون بۆ مەبەستی بازرگانی بێت یان وەبەرهێنان، وەك ئەوەی ئەو شارەزایە دەیڵێت و ئاشكراشیكرد، “ئەمە وایكردبوو زۆرینەی بانكەكان لە وڵاتە بیانییەكاندا ئەژمێرەی بانكییان بۆ بانكە عێراقییەكان نەدەكردەوە، مامەڵەی بازرگانیی عێراق لەڕێی بانكەكانی ناردنەوە بوو، ئەمەش عمولە و كرێی زیاتری دەخستەئەستۆی عێراق”.

لە ڕووی ئابوریشەوە شەماع دەڵێت، “كۆتایی هاتنی كاری لیژنەكە، واتە ساڵانە نزیكەی دوو ملیار دۆلار كە پێشتر بۆ قەرەبوو تەرخانكرابوو دەگەڕێتەوە بۆسەر بودجەی وڵات”.

بەپێی وتەی ئەو شارەزایە گەڕانەوەی ئەو بڕە پارەیە لە بەرژەوەندیی ئابوریی عێراقدایە و پێیوایە پێویستە پارەكە بخرێتەناو “سندوقی سەروەری بۆ قەرەبووكردنەوەی نەوەكانی داهاتوو لەوەی نەوەی ئێستا بەكاریدەبات لە داهاتی نەوت و سامانی وڵات”.

لیژنەكە لە ئایاری 1991 بەپێی بڕیاری ژمارە 692ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پێكهێنرا، بەرپرسبوو لە بەڕێوەبردنی پرسی قەرەبووە داراییەكانی سەر ئەستۆی عێراق كە لەڕێی بڕینی 5%ی داهاتی فرۆشتنی نەوت و بەرهەمەكانی پتڕۆڵەوە دەستدەكەوت.

لیژنەكە لەماوەی كاركردنیدا چاوخشاندنەوەی بە نزیكەی 2.7 ملیۆن داوای قەرەبووكردنەوەدا كردووە و بڕی 52.4 ملیار دۆلاری لە كۆی نزیكەی 352 ملیار دۆلاری داواخراو داوەتەوە، دواهەمینیان لە 13ی كانونی دووەمی ڕابردوو بوو بە بڕی نزیكەی 630 ملیۆن دۆلار، وەك ئەوەی لە ڕاپۆرتی لیژنەكەدا هاتووە.

قەرەبووەكە بەسەر تاك، كۆمپانیا و ڕێكخراوەكاندا دابەشكراوە ئەوانەی بەهۆی هێرش و داگیركاری سەر كوەیت زیانی ڕاستەوخۆیان بەركەوتووە.

سوپای عێراق لە سەردەمی سەدام حسێن بۆ ماوەی حەوت مانگ لە ئابی 1990 تا شوباتی 1991 كوەیتی داگیركرد، بەر لەوەی لەلایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی ئەوكات بە سەرۆكایەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا وەدەربنرێت.

بابەتی پێشتر

عێراق داوا لە ئەوروپا دەكات 10 هەزار تیرۆریست وەربگرێتەوە

بابەتی دواتر

بەرپرسێكی كورد لە بازگەیەكی كەركوك دەستگیركرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share