ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاشکرایکرد، جیهان لەمەترسیی ئەوەدایە هەلی سەرکەوتن بەسەر کۆرۆنا لەماوەی ئەمساڵدا لەدەستبدات، لەکاتێکدا وڵاتانی جیهان پلە بە پلە سەرقاڵی هەڵگرتنی ڕێکارەکانی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەن.
تیدرۆس ئەدهانۆم گیبریسۆس بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاند، “تا ئێستا هەلی زاڵبوون بەسەر کۆرۆنا لە کۆتایی ئەمساڵدا ماوە، بەڵام جیهان ڕۆژبەڕۆژ لە مەترسیی لەدەستدانی ئەو هەلە نزیکدەبێتەوە”.
بەڕێوەبەری ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، ئێستا ژمارەیەکی زۆر تووشبوو کە ڤایرۆسەکە کاریگەریی کەمی لەسەریان هەیە لەو وڵاتانەی جیهان تۆمارکراون، کە بەشێکی زۆر لە هاوڵاتییەکانیان ڤاکیسنیان وەرگرتووە، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتان ئاستێکی زۆر نزمیان لە دابەشکردنی ڤاکسین تۆمارکردووە، “بۆیە ئەمە دۆخێکی لەبار و نمونەیی بۆ دەرکەوتنی گۆڕاوی نوێ ڕەخساندووە”.
ئەوەشی خستەڕوو، زیاتر لە 116 وڵاتی جیهان لە مەترسییەکی ڕاستەقینەی نەگەیشتن بە ئاستی دیاریکراوی ڤاکسینکردندان کە ڕێژەی 70%ی دانیشتووانیانە لە دەوروبەری ناوەڕاستی ئەمساڵدا، کە شارەزایان ئەو ڕێژەیەیان بۆ ئاستی دیاریکراوی گەیشتن بە بەرگریی بەکۆمەڵ دژی ڤایرۆسەکە دیاریکردووە.
ئەدهانۆم جەختیکردەوە، “پێویستمان بەوەیە هانی سەرکردە سیاسییەکانی وڵاتان بدەین پرۆسەی دابەشکردن و کوتانی هاوڵاتییەکانیان خێراتربکەن”.
داواشی لە نووسینگەی ئەوروپای ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی کرد هەوڵەکان بۆ خێراکردن و زیادکردنی پرۆسەی کوتان لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا زیاتربکەن، چونکە گۆڕاوی ئۆمیکرۆن ئێستا لەماوەی گەشەکردن و بڵاوبوونەوەی چڕدایە لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا.
هانس کلۆگە، بەرپرسی ناوچەی ئەوروپای ڕێکخراوەکە پێشتر ڕایگەیاندبوو، لە دوو هەفتەی ڕابردوودا بەرزترین ڕێژەی تووشبوونیان لە هەشت وڵاتی ئەوروپای ڕۆژهەڵات تۆمارکردووە.