وەزارەتی دەرەوەی عێراق داوا لەو عێراقییانە دەكات لە ئۆكرانیان، خاكی ئەو وڵاتە جێبهێڵن.
وەزارەتەكە لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت، “لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی وەزارەتی دەرەوە بەرامبەر ئاسایش و سەلامەتیی ڕۆڵەكانی ڕەوەندی عێراقی لە ئۆكرانیا و بەهۆی دۆخی نائاسایی، داوا لە ڕەوەندی عێراقی دەكەین خاكی ئۆكرانیا جێبهێڵن و هاوڵاتییان گەشتی بۆ نەكەن، لەپێناو سەلامەتییان”.
وەزارەتەكە داواشی لە كارمەندانی باڵیۆزخانەی عێراق لە كیێڤ كردووە سوود لە پشووی ساڵانە وەربگرن، بەجۆرێك ببێتە هۆی سەلامەتیی تیمی نێردەكە.
ئەو ڕەوشە لەكاتێكدایە ئەگەری داگیركردنی ئۆكرانیا لەلایەن ڕوسیا ڕووی لە زیادبوون كردووە، لە دوایین هەڵوێستدا جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا هاوبەشە ئەوروپییەكانی ئاگاداركردووەتەوە، گوایە ڕوسیا لە 16ی ئەم مانگە دەست بە داگیركردنی ئۆكرانیا دەكات.
لە بەرامبەردا ڕوسیا لەزاری بەرپرسانیەوە چەندین جار دووپاتیكردووەتەوە، هیچ نیازێكی بۆ هێرشكردنەسەر ئۆكرانیا نییە و، جموجوڵە سەربازییەكانی لەنێو سنوورەكانی خۆیدایە و هەڕەشەنییە بۆسەر هیچ لایەك.