ژمارەی دارخورماكانی عێراق 20 ملیۆنی تێپەڕاند

وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق دەڵێت، ژمارەی دارخورماكانی عێراق لە 12 ملیۆن دارخورماوە بۆ سەرووی 20 ملیۆن زیادیكردووە.

محەمەد خەزعەلی وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ ئامارە فەرمییەكەی راگەیاند و وتی، پێشووتر عێراق 32 ملیۆن دارخورمای هەبوو، بەڵام بەهۆی جەنگ و شەڕ و تێكچوونی ژینگەوە دوای ساڵی 2003 ژمارەكە بۆ 12 ملیۆن دارخورما كەمیكردبوو.

راشیگەیاند، لە ئەنجامی ئەو پلانەی بۆ زیادكردنی ژمارەی دارخورماكان و پەرەپێدانی سامانی خورما راگەیەندراوە، ئێستا ژمارەی دارخورماكان بۆ زیاتر لە 20 ملیۆن زیادیكردووە.

بەپێی وتەی خەزعەلی، وەزارەتی كشتوكاڵ جگە لە هاوردەكردنی جۆری باشی نەمامی دارخورما و گرنگیدان بە باخەكان، لە چەندین ناوچەی دیكەی وەك كەركوك و نەینەوا و سەڵاحەدین و دەشتاییەكانی ئەنبار دارخورمای روواندووە، لە كاتێكدا پێشتر ئەو ناوچانە نیشتمانی دارخورما نەبوون.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share