وڵاتانی جیهان داوا لە هاوڵاتییانیان دەكەن ئۆكرانیا جێبهێڵن

فڕۆكەخانەی كیێڤ-ی نێودەوڵەتی

هەریەك لە كەنەدا، ئوسترالیا، نیوزلەندا و فنلەندا چوونە پاڵ ئەو وڵاتانەی داوایان لە هاوڵاتییەكانیان كردووە بەزووترین كات ئۆكرانیا جێبهڵن، بەهۆی ئەو بارگرژییەی ڕووی لە وڵاتەكە كردووە.

میلانی جولی، وەزیری دەرەوەی كەنەدا هانی هاوڵاتییانی وڵاتەكەیدا بەخێرایی ئۆكرانیا جێبهڵن و وتی، لەكاتێكدا درێژە بە كاركردنی چڕ لەگەڵ هاوبەشانمان دەدەین و چاودێری ڕەوشەكە دەكەین، هانی سەرجەم كەنەدییەكان لە ئۆكرانیا دەدەین ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر و وڵاتەكە جێبهڵن.

سكوت مۆریسۆن، سەرۆك وەزیرانی ئوسترالیا-ش داوای لە هاوڵاتییەكانی وڵاتەكەی كرد ئۆكرانیا جێبهڵن و وتی، “ڕێز لە بڕیارەكانیان دەگرین، بەڵام ئامۆژگارییەكەمان زۆر ڕوونە: ئەمە دۆخێكی زۆر مەترسیدارە و لەپێناو سەلامەتیتان، پێویستە هەوڵ بۆ جێهێشتنی ئۆكرانیا بدەن”.

هەردوو حكومەتی نیوزلەندا و فنلەنداش هەمان داواكارییان ئاراستەی هاوڵاتیانیان كرد.

دوێنێش هەریەکە لە ئەمریکا، بەریتانیا، هۆڵەندا، ژاپۆن، کۆریای باشور و لاتیڤیا داوایان لە هاوڵاتییەکانیان كرد ئۆکرانیا جێبهێڵن.

ئەو ڕەوشە لەكاتێكدایە ئەگەری داگیركردنی ئۆكرانیا لەلایەن ڕوسیا ڕووی لە زیادبوون كردووە، دوێنێ ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند، ڕوسیا هێزی زیاتری لە سنوورەكانی ئۆكرانیا بڵاوەپێكردووە و “لەهەر ساتێكدا بێت” هێرشی سەربازی دەستپێدەكات.

لە بەرامبەردا ڕوسیا لەزاری بەرپرسانیەوە چەندین جار دووپاتیكردووەتەوە كە هیچ نیازێكی بۆ هێرشكردنەسەر ئۆكرانیا نییە و، جموجوڵە سەربازییەكانی لەنێو سنوورەكانی خۆیدایە و هەڕەشەنییە بۆسەر هیچ لایەك.

بابەتی پێشتر

بایدن بۆ هاوڵاتییانی ئەمریکی: ئێستا ئۆکرانیا جێبهێڵن

بابەتی دواتر

ئەمریکا پێدانی ڤاکسینی بۆ منداڵانی خوار پێنج ساڵی ڕاگرت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share