باسم خەشان ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، لە دادگای فیدراڵی تانەی دا لە بڕیارەكەی دەستەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران كە ماوەی خۆكاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار سێ ڕۆژ درێژكردەوە و دەڵێت، “پێشێلكردنی دەستوورە”.
دەستەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران دووشەممەی ڕابردوو بە بڕیاری ژمارە چوار، دەرگای خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری بۆ ماوەی سێ ڕۆژ درێژكردەوە.
بڕیاربوو پێرێ كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بەڕێوەببرێت، بەڵام كۆبوونەوەكە دواخرا.
پێشتر پارتی ناوی هۆشیار زێباریی وەك تاكە كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار پێشكەشكردبوو، بەڵام بەهۆی ئەو دۆسیانەی گەندەڵی كە لەسەری كەڵەكەبوون، دادگای باڵای فیدراڵی كاندیدبوونی ناوبراوی ڕاگرت، ئەنجومەنی نوێنەرانیش ماوەی خۆكاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار درێژكردەوە و پارتی دوو كەسی تری كاندیدكرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە باسم خەشان پەرلەمانتاری سەربەخۆی عێراق ڕایگەیاند، لە دادگای فیدراڵی تانەی داوە لە بڕیارەكەی دەستەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران كە ماوەی خۆكاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار سێ ڕۆژ درێژكردەوە.
ئەو دەڵێت، “بڕیارەكە دوو ماددەی دەستووری پێشێلكردووە، پێچەوانەی ماددەی (59/دووەم) و (72/دووەم/ب)ی دەستوور و ماددەی (2)ی یاسای حوكمەكانی خۆكاندیدكردنە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار.
باسم خەشان پێیوایە بڕیارەكەی دەستەی سەرۆكایەتیی پێشێلكاریی گەورەی تیادایە، “چونكە ئەگەر یەك لەسەر سێی پەرلەمانتاران بەردەوامبن لە بایكۆتكردنی كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەوا سەرۆك و كابینەی حكومەت دەتوانن بۆ ماوەی چوار ساڵی تر درێژە بە كارەكانیان بدەن”.