وەزیری پلاندان-ی هەرێمی كوردستان دەڵێت، “حكومەت هەوڵدەدات لە درەوەی وڵات بازاڕ بۆ بەروبوومی جوتیاران و بازرگانانی كوردستان پەیدابكات.”
بە گوێرەی ڕاگەیاندراوی وەزارەتی پلاندانان، ئەمڕۆ دووشەممە 2ی تشرینی دووەم لە دیوانی وەزارەت، دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان پێشوازی لە نەسروڵڵا زارع رەشنوودی، كونسوڵی ئێران لە هەولێر كردووە.
هەردوولا باسیان لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران كردووە، بەتایبەت لە بوارەكانی وەبەرهێنان و بازرگانی و سەرمایەگوزاری و ڕێكارەكانی دەروازە سنوورییەكان، بە شێوەیەك هەردوولا كارئاسانی بۆ بارزگان و وەبەرهێنەران بكەن بۆئەوەی بتوانرێت پەرەی زیاتر بە هاوردە و ناردنی كاڵاكان بدرێت.
وەك ڕاگەیاندراوەكە ئاشكرایكردووە، لە كۆبوونەوەكە دا گفتوگۆ لەبارەی ئەو كێشە و گرفتانەوە كراوە كە بازرگان و سەرمایەداران لە دەروازە سنوورییەكان ڕوبەروویان دەبنەوە، لەو پێناوەشدا وەزیری پلاندانان ڕایگەیاندووە، “ڕێكارەكانی هاوردەكردنی كاڵا و بەروبووم لە خاڵە سنوورییەكان بەگوێرەی پێوەری كوالێتی كۆنترۆڵی جۆری و تایبەتمەندییە یاساییەكانی عێراق-ن.”
دارا ڕەشید ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە “حكومەتی هەرێم هەوڵدەدات لە درەوەی وڵات بازاڕ بۆ بەروبوومی جوتیاران و بازرگانانی كوردستان پەیدابكات بۆ ئەوەی بەرهەمەكانیان هەناردەی دەرەوە بكەن.”