هەفتەی داهاتوو تیمی هاوبەشی هەردوو چاودێریی دارایی هەرێم و بەغداد دەست بە كاركردن دەكەنەوە

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، بڕیارە لە 6ی ئەم مانگەدا تیمی هاوبەشی هەردوو چاودێریی دارایی هەرێم و بەغداد دەست بە کارەکانیان بکەنەوە و لە زاری وەزیری داراییش دەڵێت، ئێستا هەردوو دیوان سەرقاڵی ئامادەکردنی ڕاپۆرتی هاوبەشی خۆیانن سەبارەت بە پابەندییەکانی هەرێم و شایستەکانی بەپێی یاسای بودجە.

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی کرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی كۆبوونەوەكە، سەفین دزەیی سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، تیشکی خستەسەر ڕەوشی کۆچبەرانی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە بەشێوەیەکی گشتی و کارەساتی ئەمدواییەی گیانلەدەستدان و بێسەروشوێنبوونی کۆمەڵێک لە هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە ئەنجامی ژێرئاوکەوتنی سێ بەلەم لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا کە بەشێکیان تائێستا بێسەروشوێنن.

ئاماژەیدا، شاندێكى فه‌رمانگه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ سه‌ردانى یۆنانی كرد و له‌گه‌ڵ به‌رپرسى دۆسیه‌ى كۆچبه‌ران له‌و وڵاتە كۆبووه‌وه،‌ تائێستا له‌ ده‌رئه‌نجامى ئه‌و هه‌وڵانەدا،‌ ته‌رمى 9 كۆچبه‌ر ڕاده‌ستى كه‌سوكاریان كراونه‌ته‌وه،‌ هه‌ر ئه‌مڕۆش شاندێکی حکومەتی هەرێم، جارێکی دیکە سەردانی یۆنان دەکات بۆ گەیاندنی سامپلى كه‌سوكارى 29 له‌ قوربانییان بۆ ئه‌نجامدانی تێستى دى ئێن ئه‌ى.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران فه‌رمانگه‌كە و وه‌زاره‌ته‌كانى ناوخۆ و ته‌ندروستى ڕاسپارد به‌رده‌وامبن له‌ هه‌وڵه‌كانیان له‌وباره‌یەوه‌، وه‌زاره‌تى ناوخۆش ڕاسپێردرا به‌رده‌وامبن له‌ به‌دواداچوون و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و كه‌س و كۆمپانیایانه‌ى “بازرگانى به‌ ژیان و سه‌لامه‌تیى هاوڵاتییانى هه‌رێم ده‌كه‌ن و ڕێككارى یاساییان له‌ به‌رامبه‌ر وه‌ربگیرێت”.

لای خۆیەوە سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە تەشەنەکردنی ڤایرۆسی گۆڕاوی ئۆمیکرۆن لە هەرێم و ئاستی پابەندبوونی وەزارەتەکان بە وەرگرتنی ڤاکسین لەلایەن فەرمانبەران و کارمەندانی حکومەت، ئامادەکارییەکانی خۆپارێزی بۆ مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردە و قوتابیان و خوێندکاران لەدوای دەستپێکردنەوەی خوێندنی ناوپۆل خستەڕوو. ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانیش جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌سه‌ر گرنگیى به‌رده‌وامبوونى پرۆسه‌ى وه‌رگرتنى ڤاكسین و گرتنه‌به‌رى ڕێككاره‌كانى خۆپارێزی، وەك ئەوەی لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە.

دەشڵێت، لە كۆتا بڕگەی كۆبوونەوەكەدا ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری تیشکی خستەسەر پێشوەچوونەکانی کاری تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ و هەرێم کە ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنی ڕاپۆرتی هاوبەشی خۆیانن سەبارەت بە پابەندییەکانی هەرێم و شایستەکانی بەپێی یاسای بودجە.

پاشان ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران ڕاپۆرتێکی پێشکەشکرد سەبارەت بە پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەبەر ڕۆشنایی ماددەی 11 لە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021، کە بریتییە لە داهاتی فرۆشتنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم بە نرخی کۆمپانیای سۆمۆ بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ و بابه‌تى پاكتاوكردنى ڕەسیدی بانکی بازرگانیی عێراقی لە لای بانکەکانی هەرێمە، پێداچوونه‌وه‌ی داهاتە نانەوتییەکان له‌ هه‌رێم و ئاماده‌كردنى تەرازووی یەکگرتووى پێداچوونه‌وه‌ى فەرمانگەکانی هەرێم بۆ ته‌واوى مانگه‌كانى ساڵى 2021 کە سەرجەم داهات و خەرجییەکانی هەرێم لەخۆبگرێت، هەروەها خستنەڕووی پڕۆژەی بایۆمەتریی تۆماری مووچەخۆران.

سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، ئاماژەیدا بە گرنگيی پێشکەشکردنی زانیاری و خشتەکان بە تیمی هاوبەشی چاودێریی دارایی بەشێوەیەکی ڕوون و شەفاف، تا بيانوو بۆ حکومەتی فیدراڵی نەمێنێتەوە بۆ خەرجنەکردنی شایستەی دارایی هەرێم بەپێی یاسای بودجە.

ئەنجومەنی وەزیران جەختیکردەوە لە جێبەجێکردنی پابەندییەکانی هەرێم لە یاسای بودجە و وەزارەتەکان ڕاسپێردران کە هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابوری و دیوانی چاودێریی دارایی بکەن. لەمبارەیەوە بڕیارە لە ڕۆژی 6ی ئەم مانگەدا تیمی هاوبەشی هەردوو چاودێریی دارایی هەرێم و بەغداد دەست بە کارەکانیان بکەنەوە.

بابەتی پێشتر

جوتیار عادل: ئەو فەرمانبەر و مامۆستایانەی ڤاكسینیان وەرنەگرتووە ناتوانن دەوامبكەن

بابەتی دواتر

قوباد تاڵەبانی لە بەغدادە و سبەینێ بافڵ جەلال تاڵەبانی دەگات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share