ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرایدەکات، بەهۆی خراپیی خۆراکەوە نزیکەی یەک ملیۆن منداڵ لە ئەفغانستان مەترسیی مردنیان لەسەرە، نیوەی دانیشتووانەکەشی ڕووبەڕووی برسێتیی توند بوونەتەوە.
محەمەد نادر ڕەحمانی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هەرێمی وەردکی بە ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ڕاگەیاندووە، “کەمبوونەوەی کێشی منداڵان هەر لە لەدایکبوونیانەوە مایەی نیگەرانییە، بەهۆی ئەوەی جەستەی دایکەکان ڕووبەڕووی کەمیی کێش بوونەتەوە بەهۆی خراپیی خۆراکەوە توانای هەڵگرتنی منداڵیان نییە بۆ ماوەیەکی تەواو”.
جەختیشیکردەوە، ژمارەیەکی زۆر لە منداڵەکان بە کەمتر لە یەک کیلۆگرام لەدایکدەبن، ئەمەش وادەکات زیاتر لە 30%یان ڕووبەڕووی مردن ببنەوە.
والی محەمەد گەنجێکی ئەفغانییە دەڵێت، “دوو كچە دووانەكەمان لەدەستدا بەهۆی هەژاریمانەوە، ئێستا تەنها پشتمان بەخوا بەستووە و هیچ کەسێکی دیکە نییە پەنای بۆ ببەین”.
محەمەد و هاوژینەكەی، بەر لە گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن تاڵیبانەوە کاریاندەکرد، بەڵام ماوەی چەند مانگێکە دۆخی داراییان بەتەواوی سەختبووە، محەمەد کارەکەی لە پایتەختی وەردک کە گواستنەوەی کەلوپەل بوو لەدەستدا.
محەمەد دەڵێت، بەر لە هاتنی تاڵیبان داهاتی هەفتانەی 8 بۆ 10 دۆلار بووە ئێستا کەمبووەتەوە بۆ سێ بۆ چوار دۆلار لە هەفتەیەکدا.
بەپێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان کەسانی وەک محەمەد کە کاری ڕۆژانە دەکەن بە تێکڕا لە هەفتەیەکدا یەک ڕۆژ کاریان دەستدەکەوێت.
کۆمەڵەکانی هاریکاری و ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان دەڵێن، 23 ملیۆن كەس كە بە نزیكەیی دەكەنە نیوەی دانیشتووانی ئەفغانستان ڕووبەڕووی برسێتییەکی توند دەبنەوە، خەڵک بۆ دەستخستنی خۆراک ماڵ و خانوو و تەنانەت منداڵەکانیان دەفرۆشن.
بالواشا کە خێزانی والی محەمەدە دەڵێت، “ئێمە هەمیشە هەژار بووین، بەڵام ئەو ئاستەی ئێستا تێیداین وشەیەک نییە بۆ وەسفکردنی”.
بەپێی داتاکانی ڕێکخراوی خۆراکی جیهانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، نرخی کاڵا و شمەکی خۆراکی لە ئەفغانستان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، نرخی گەنم بە ڕێژەی 53% زیادیکردووە، زەیت و جۆرەکانی بە ڕێژەی 39% و شەکر بە ڕێژەی 36% بەرزبووەتەوە.
دوای کۆنترۆڵکردنی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە ئەمریکا بانکی ناوەندیی ئەفغانستانی سڕکرد، سزای دارایی بەسەردا سەپاند ئەمەش سیستمی بانکی لەو وڵاتەدا تووشی ئیفلیجی کرد.
هەریەکە لە ئێران و پاکستانی دراوسێی ئەفغانستان سنوورەکانیان بەڕووی ئەو وڵاتەدا داخست کە پێشتر خەڵکی ئەفغانستان بەشێوەیەکی ئاسایی دەچوونە ئەو وڵاتانە بەمەبەستی دەستکەوتنی کار.
ڕۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵ ئاماژە بە بینینی دیمەنی برسێتی بەڕوونی لەناو بەشی بەدخۆراکیی نەخۆشخانەکاندا دەکات کە ڕێژەیەکی زۆری منداڵانی تێدایە.
دایکەکان هەمان کێشەی منداڵەکانیان هەیە بەهۆی نەبوونی خۆراک و کار، ئاماژەشیان بەوە کردووە کە خۆراکی تەواویان دەستناکەوێت بیخۆن تاوەکو بتوانن بەپێی پێویست شیریان هەبێت و بیدەن بە منداڵەکانیان.
ئەو منداڵانەشی کەمێک تەمەنیان زیاترە تەنها دەتوانن پارچەیەک نان و کەمێک چایان دەستبکەوێت لە ڕۆژێکدا.
دکتۆر ڕەحمانی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە دەڵێت، “جەنگ کۆتاییهات، بەڵام ئێستا کێشەکەمان گەورەترە ئەویش کێشەی ئابورییە”.
بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان زۆرینەی دانیشتووانی ئەفغانستان کە نزیكەی 40 ملیۆن کەسن لەسەر خۆراکی ماوە و هاوکاری و کارە خێرخوازییەکان و قەرز لە دراوسێ و کەسە نزیکەکانیان دەژین، تەنانەت ئەو ئەفغانییانەی کە دەوڵەمەندبوون ئێستا سامانەکەیان بەرەو کۆتایی دەچێت.
زەبیحوڵڵا موجاهید وتەبێژی تاڵیبان ڕایگەیاند، حکومەتی تاڵیبان هەوڵدەدات کێشەی هەژاری چارەسەربکات، بەپێی داتای نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێژەی 95%ی دانیشتووانی ئەفغانستان بە سەختی هەوڵدەدەن بۆ دەستخستنی خۆراک، هەژاری لە ئەفغانستان هۆکارەکەی بۆ 40 ساڵ لە جەنگی وێرانکەر دەگەڕێتەوە.