ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاشکرایکردووە، ئەو سزایانەی ئیدارەی جۆ بایدن دژی ڕوسیا ئامادەیکردووە، بانکەکانی ڕوسیا، کۆمپانیا حکومییەکان و داهاتە بنەڕەتییەکانی وڵاتەکە دەکەنە ئامانج.
بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەکە، ئیدارەی ئەمریکا دوایین جووڵەکانی بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ڕوسیادا دەستپێکردووە، بەرپرسانی ئیدارەی بایدن بە ڕۆژنامەکەیان وتووە، “ئەو سزایانەی ئەمریکا بەنیازە بەسەر ڕوسیادا بیانسەپێنێت، لەماوەی چەند دەیەی پێشوودا هاوشێوەی نەبووە”.
هەرچەندە تائێستا بڕیاری کۆتایی لەبارەیەوە نەدراوە، بەڵام سزاکان ژمارەیەک لە بانکە گەورەکانی ڕوسیا، ڕێکار بەرامبەر قەرزەکانی ئەو وڵاتە و کردنە ئامانجی داهاتە سەرەکییەکانی ڕوسیا لەخۆدەگرێت.
لەماوەی چەند ساڵی پێشوودا ڕوسیا هەوڵیداوە پەرە بە سیستمی ئابوریی وڵاتەکەی بدات، بە کەمتر پشتبەستن بە دراوە بیانییەکان لە یەدەگەکانیدا، هەوڵدان بۆ کەمترین پشتبەستن بە قەرزە دەرەکییەکان، هەروەها کارکردن لەبواری نەوت و گاز، کە یەکێکە لە سەرچاوە گرنگەکانی داهات لە ڕوسیا.
وۆڵ ستریت جۆرناڵ لەزاری ئەو بەرپرسە ئەمریکییانەوە دەڵێت، “سزاکانی ئەمریکا بۆسەر ڕوسیا بەشێوەی پلە بە پلە نابێت، بەڵکو بەشێکی بەرفراوانی دامەزراوەکانی ڕوسیا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەکاتە ئامانج”.
ئێمیلی هۆرن، وتەبێژی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بە ڕۆژنامەکەی وتووە، “ئێمە و هاوبەشەکانمان کۆمەڵێک سزای تەواو توندمان بۆسەر ڕوسیا ئامادەکردووە و لەهەر کاتێکدا ڕوسیا هەوڵی داگیرکردنی ئۆکرانیا بدات، سزاکان جێبەجێ دەكرێن”.
بەوتەی بەرپرسە ئەمریکییەکان، “هاوبەشە ئەوروپییەکان ئێستا هەماهەنگییەکی زیاتریان لەگەڵ ئەمریکا هەیە بەراورد بە ساڵی 2014، (ئەوكات كە هەرێمی كریمیا لەلایەن ڕوسیاوە داگیركرا)، بە لەبەرچاوگرتنی خواستی ئەمجارەی ڤلادمێر پوتین بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا”.
ئەمریكییەكان پێیانوایە، “ئەوروپا لەوە تێدەگات ئەگەر بمانەوێت خواستەکانی ڕوسیا بگۆڕین، دەبێت ئامادەبین بۆ سەپاندنی سزای توند بەسەر ئەو وڵاتەدا”.
ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو ئەڵمانیا ڕایگەیاند، هەر هەنگاوێکی ڕوسیا بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا ڕووبەڕووی سزای مەترسیداری دەکاتەوە.