ژنە وەزیرێكی پێشووی بەریتانیا دەڵێت هۆكاری لابردنی لە پۆستەكەی ئەوە بووە كە مسوڵمانە، سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتەش داوای لێكۆڵینەوەكردن لە كەیسەكە دەكات.
نوسڕەت غەنی پەرلەمانتاری پارتی پارێزگاری بەریتانیایە و پێشتر وەزیری گواستنەوەی ئەو وڵاتە بووە، ساڵی 2020 بە هەموارێكی وەزاری لە پۆستەكەی دوورخرایەوە.
غەنی دەڵێت، “بەهۆی ئەوەی مسوڵمانم لە پۆستەكەم دوورخرامەوە، بەرپرسێكی دیسپلینی حكومی ئەوكات پێیوتم مسوڵمانبوونت ورووژێندراوە و كراوە بە بابەت”.
لە كاردانەوەی ئەو بانگەشەیەدا، بۆریس جۆنسن سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا فەرمانیكرد لێكۆڵینەوە لە كەیسەكە بكرێت.
وتەبێژێك بەناوی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیاوە قسەی بۆ ڕۆژنامەی “سەندەی تایمز” كردووە و ڕایگەیاندووە، كاتێك سەرەتا ئەم هەواڵە بڵاوبووەوە، سەرۆك وەزیران داوای لە وەزیرەكە كرد سكاڵا تۆماربكات و بەدوای بابەتەكەدا بڕوات، بەڵام ئەو واینەكرد.
دەشڵێت، بۆریس جۆنسن سەرۆك وەزیران فەرمانیكردووە لێكۆڵینەوە لە كەیسەكە بكرێت و بزانرێت چی ڕوویداوە؟، داواشی لە نوسڕەت غەنی كردووە بابەتەكە بە جددی وەربگرێت.
لای خۆیەوە نوسڕەت غەنی پێشوازی لە بڕیارەكەی سەرۆك وەزیران كرد و ڕایگەیاند، “دەبێت هەموو وتەكانی ئەفسەرەكەی دیسپلین بخرێنە ناو لێكۆڵینەوەكانەوە”.