لەدوای هێرشی شانە نوستووەکانی داعش بۆسەر بەندیخانەی غوێران لە حەسەكە حکومەتی عێراق و هەرێم هەوڵەکانیان لە دژی داعش و بەهێزکردنی سەنگەرەکانیان چڕترکردووەتەوە.
لەدوای هێرشەکە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تیوتەر ڕایگەیاند، “وەزارەتەکانی پێشمەرگە و ناوخۆم ڕاسپاردووە بۆ توندوتۆڵکردنی زیاتری ڕێکارەکان لەدژی جوڵەکانی داعش”.
هاوکات،هێزێكی هاوبەشی عێراق هەڵمەتێكی سەربازیی فراوانی لەدژی چەكدارانی داعش دەستپێكرد و ئامانج لێی دوورخستنەوەی مەترسیی داعشە لە دیالە.
ماوەی چەند ڕۆژێكە چەكدارانی داعش جموجوڵ و چالاكیی سەربازییان دەستپێكردووەتەوە و دوایینیان هێرشەكەی عزێم لە پارێزگای دیالە بوو كە 11 سەرباز و ئەفسەری سوپای عێراقی تیادا كوژران.
هەڵمەتە سەربازییەكە بە بەشداریی سوپای عێراق، هێزی تایبەتی بەرپەرچدانەوەی خێرا و پۆلیسی فیدراڵی و حەشدی شەعبی ئەمڕۆ یەكشەممە بەرپاكراوە، ئامانج لێی دوورخستنەوەی مەترسیی چەكدارەكانی داعشە لە ناوچەكە و ڕێگریكردنە لە گەڕانەوەیان بۆ پارێزگای دیالە و بەتایبەت ناحیەی عزێم.