لە دوای ئەوەی شەپۆلێکی بەفر و شەختە ڕووی لە هەرێمی کوردستان کرد و هەندێک لە شۆفێران بە سەرکێشی، یان بە ناچاری ئۆتۆمبێلەکانیان لەسەر شەختە دەخزا، گۆرانیی ”هێدی باژۆ”ی “ئیلیاس نەدیر” لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەگەڵ گرتەی ئۆتۆمبێلەكاندا بڵاودەكرایەوە و هەر زوو بەشێوەیەكی بەرفراوان بڵاوبووەوە.
”هێدی باژۆ” گۆرانییەکی فۆلکلۆری کورمانجییە و بناغەکەی بۆ زیاتر لە 100 ساڵ دەگەڕێتەوە، لە زاری “برو شەرقی” دەنگبێژی ئێزدییەوە بیستراوە.
گۆرانییەکە دەڵێت، “هێدی باژۆ”، كە لە کوردیی سۆرانیدا دەکاتە “لەسەرخۆ لێبخوڕە”، ئەوەش بۆ دۆخی ئەو شۆفێرانە دەگونجا، کە ئۆتۆمبێلەكانیان لەسەر شەختەدا دەخزان.
ئیلیاس نەدیر، كە دواتر گۆرانییەكەی نوێكردووەتەوە، لە ساڵی 1949 لەدایکبووە و لە تەمەنی 14 ساڵییەوە دەستی بە وتنی گۆرانی کردووە، زیاتر بە “دەنگبێژی” دەناسرێت، لە ساڵی 1963 لەسەر دەستی هونەرمەندان وسو شێخو و قاسمی مەیرو فێری گۆرانیوتن بووە، زیاتر گرنگی بە وتنەوەی گۆرانیی فۆلکۆر و مەقام دەدات، لە بەناوبانگترین مەقامەکانی (عەمێ گۆزێ، تەمەر بەگێ زری، نواخی، فاتیمە ساڵح ئاغا، دەروێشا عەڤدی)ن.
ئیلیاس نەدیر هەمیشە دەنگبێژییەکەی لەگەڵ سازەکەی بەرگوێمان دەکەوێت، ستایلەکەی هەمان ستایلی دەنگبێژییە کە زیاتر لەنێو شێوەزارەکانی کورمانجیدا دەبیسترێت، کە زیاتر چیرۆک و بەسەرهات و گلەیینامەیە بە گۆرانی.