ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران دووبارە دابه‌شكردنى نه‌وت تاوتوێده‌كات

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم كۆده‌بێته‌وه‌ و پرسی دابه‌شكردنى نه‌وت تاوتوێده‌كات، ‏لەكاتێكدا تا ئێستا و لە ناوەڕاستی وەرزی سەرما و بەفردا زۆرێك لە هاوڵاتییانی هەرێمی ‏كوردستان نەوتیان وەرنەگرتووە.‏

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویكرده‌وه‌، ئەمڕۆ ‏چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتیی مەسرور ‏بارزانی سەرۆکی حکومەت و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، ‏ئەنجام دەدات. ‏

لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بابەتانەی خوارەوە دەخرێنە بەر باس و گفتوگۆ:‏

‏- خستنەڕووی پێشنیازەکانی کۆبوونەوەی لیژنەی وەزاریی تایبەت بە ڕێکخستنەوەی چەند ‏بابەتێک پەیوەست بە وەزارەتەکانی ناوخۆ، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بازرگانی و ‏پیشەسازی، تەندروستی.‏

‏- خستنەڕووی پێشنیازی ئاسانکاریی بۆ گەڕانەوەی پێشینەکان و باج و ڕەسم و سزای ‏دارایی و کرێی موڵک و ماڵی دەوڵەت.‏

‏- ئاگادارکردنەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە پڕۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی بۆ ‏هاوڵاتییان لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە.‏

قسەكردن لەسەر دابەشكردنی نەوت بەسەر هاوڵاتییاندا لەكاتێكدایە، زۆرێك لە هاوڵاتییان ‏نەوتی سپییان وەرنەگرتووە، سەرەڕای ئەوەی هەر زوو و پێش هاتنی وەرزی سەرما، ‏وەزیری سامانە سروشتییەكان بەڵێنی دا نەوت بەسەر هەموو ماڵەكانی هەرێمی ‏كوردستاندا دابەشدەكرێت.‏

تەواوی هەرێمی كوردستان پێویستی بە 253 ملیۆن لیتر نەوت هەیە بۆ ئەوەی هەر ماڵێك ‏بەرمیلێك نەوت وەرگرێت، بەڵام تا ئێستا حكومەت نزیكەی 62 ملیۆن لیتر نەوتی ‏دابەشكردووە.‏

زۆرێك لە هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان تەنانەت زستانی 2020یش نەوتی سپییان ‏وەرنەگرتووە.‏

بابەتی پێشتر

له‌ 10 ڕۆژدا نۆ كۆڵبه‌رى كورد بوونەتە قوربانی ‏

بابەتی دواتر

قایمقامیەتی کەلار هەواڵی ڕووخاندنی مزگەوتێك ڕەتدەکاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share