بەفر ڕێگای هاتوچۆی لە حاجی ئۆمەرانەوە بۆ ئێران داخستووە

بەشی ڕاگەیاندنی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران ڕایگەیاند، بەهۆی بەفربارینی ‏زۆرەوە، سەرەڕای هەوڵی تیمەکان بۆ پاكکردنەوەی ڕێگاكان، بەڵام بەفربارین ڕێگای ‏گەشتکردنی بۆ ئێران و بە پێچەوانەشەوە سەختکردووە.‏

لە ڕاگەیەندراوێکی دەروازەی حاجی ئۆمەراندا، کە وێنەیەکی بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا ‏نێردراوە، هاتووە، “ئاگاداری هەموو گەشتیاران و هاووڵاتیانی خۆشەویست دەکەین، ‏بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر و سەختیی ڕێگاکان و کەمبوونی ئاستی بینین، هاوڵاتییان ‏ئەگەر کارێکی پێویستیان نەبێت سەردانی دەروازەکە نەکەن”.‏

ئاماژە بەوەشکراوە، “بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر و کڕێوە و خراپی کەشوهەوا، ‏سەرەڕای خاوێنکردنەوەی شەقام و ڕێگا سەرەکییەکان و گۆڕەپان و شەقامەکان بە ‏بەردەوامی لەلایەن تیمەکانی بەفرڕاماڵینی بەڕێوەبەرایەتیی چاککردنی ڕێگاوبان و ‏تیمەکانی بەشی خزمەتگوزاریی دەروازەکەمان، هەروەها بارینی بەفرێکی زۆر لەناو ‏ڕێگاکانی ناو سنووری ئێراندا ، داوا دەکەین ئەگەر بۆ کارێکی زۆر پێویست، نەبێت ‏جارێكە سەردانی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران نەکرێت”.‏

هەروەها دەروازەكە ڕاشیگەیاندووە، “ئاگاداری گەشتیاران دەکەینەوە كە بەمەبەستی ‏گەشتکردن بۆ وڵاتی ئێران یان بە پێچەوانەوە دێنە سنوورەکە، هەروەها ئەو ‏هاووڵاتییانەی ئێران کە دەیانەوێت سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن، تا بارودۆخەکە بە ‏باشی ئاسایی دەبێتەوە سەردانی خاڵە سنوورییەکە نەکەن”.

بابەتی پێشتر

یەکەی 731ی ژاپۆنی چی بوو؟

بابەتی دواتر

دەنگی تەقینەوەکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چی بوو؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share