داوای بایكۆتی سیستمی ئه‌لیكترۆنی و هۆڵی خوێندن ده‌كرێت

مامۆستایانی ناڕازی له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا داوا لە سەرجەم مامۆستایان ده‌كه‌ن، پابەندی هیچ جۆرە خوێندنێک نەبن و بایکۆتی خوێندنی ئەلیکترۆنی و ناو خوێندنگە بکەن.

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ ئه‌مڕۆ هه‌ینی 9ی تشرینی یه‌كه‌م به‌ ناوی مامۆستایانی ناڕازی بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ هاتووه‌، “وەزارەتی پەروەردە گوێی بۆ بۆچوونی پسپۆران و خەمخۆران نەگرت و سوورە لەسەر بە ئەلکترۆنی کردنی خوێندن، کە پێمان وایە ئەم بڕیارە بە زیانی پرۆسەی پەروەردە تەواو دەبێت و تەنها بۆ خۆدزینەوەیە لە داوا ڕەواکانی مامۆستایان، هاوکات ئەم بڕیارە خزمەتکردنە بە خوێندنگە ئەهلییەکان و بەشێکە لە پرۆسەی بە پارەکردنی خۆێندن و دەبێتە هۆی زیاتر پەراوێزخستنی خوێندنی حکومی”.

ئه‌وه‌شیان خستوه‌ته‌ڕوو، “بەداخەوە وەزارەتی پەروەردە و وەزیرەکەی بیر لە بینا و دار و بەرد و قەڵەم و دەفتەر دەکاتەوە، بەڵام مامۆستایان وەکو پێکهێنەری سەرەکی پەروەردە پشت گوێ دەخەن و گوێ بۆ داواڕەواکانیان ناگرن، وەزارەتی پەروەردە نایەوێ پرۆسەی پەروەردە بەشێوەیەکی تەندروست بەڕێوە بچێت، تەنها دەیەوێت لە ڕووی دەزگا ڕاگەیاندنەکان بڵێ دەرگای خوێندنگاکان کراونەتەوە و پرۆسەی خوێندنی ئەلکترۆیمان هەیە، ئەگەر نا لە شارەکانی هەولێر و دهۆکیش بایکۆتێکی ڕانەگەیەنراو هەیە و زۆربەی قوتابیان و مامۆستایان پابەندی خوێندنی ئەلیکترۆنی نابن و پەیڕەوی ناکەن”.

مامۆستایانی ناڕازی ئاماژه‌یان به‌وه‌ كردووه‌، “ئەگەر بەهۆکاری نەخۆشی کۆرۆناوە دەرگای خوێندنگاکان داخراون پێویستە خولەکانی پەیمانگاکان و خوێندنگە ئەهلییەکانیش دابخرێن، پشتیوانیی هەڵوێستی ئەو لقانەی یەکێتیی مامۆستایان و ئەو بەڕێوبەرانەش دەکەین کە بڕیاری بایکۆتیان داوە، هیوادارین تا وەڵامدانەوەی داوا ڕەواکانی مامۆستایان لەلایەن دەسەڵاتەوە بەردەوام بن، داواکارین لە سەرجەم مامۆستایان پابەندی هیچ جۆرە خوێندنێک نەبن و بایکۆتی خوێندنی ئەلیکترۆنی و ناو خوێندنگە بکەن، تا ئەوساتەی دەسەڵاتدارانی هەرێم وەڵامی داواکاری مامۆستایان دەدەنەوە”.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

رۆژی شەممەی داهاتوو پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق دەخرێتە دەنگدانەوە

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، “رۆژی شەممەی داهاتوو پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق دەخرێتە دەنگدانەوە”. د.…
Total
0
Share