بەپێی ئامارێكی فەرمی، لە ساڵی ڕابردوودا 68 هەزار و 600 موڵك لە توركیا بە كەسانی بیانی فرۆشراون، لە نێویاندا عێراقی و ئێرانییەكان ڕیزبەندیی یەكەمیان گرتووە.
محەمەد زەكی ئادلی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرێتیی گشتیی تۆماری خانوبەرەی توركیا ڕایگەیاندوە، فرۆشی موڵك بە كەسانی بیانی لە ساڵی 2018ەوە بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیكردووە.
بەوتەی بەرپرسە توركییەكە، “توركیا بە پەناگەیەكی ئارام دادەنرێت سەبارەت بە هاوڵاتییانی وڵاتانی عەرەبی و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، هاوڵاتی ئەو وڵاتانە دەڵێن توركیا دەكەینە پەناگە و شوێنی مانەوە ئەگەر لە وڵاتەكانمان تووشی گرفت بووین”.
بەپێی ئامارەكان، لە ساڵی 2021دا 68 هەزار و 600 موڵك بە كەسانی بیانی فرۆشراون، لەوانە 64 هەزار و 500یان شوێنی نیشتەجێبوون بوون، نزیكەی چوار هەزاری پارچە زەوی بووە، كۆی گشتیی بەهاكانیان بە 40 ملیار لیرەی توركی دەخەمڵێندرێت.
ئاشكراشیكرد، هاوڵاتییانی عێراق و ئێران لە ڕیزبەندیی پێشەوەی كڕیارانی موڵكن لە توركیا لەماوەی ساڵی ڕابردوودا، بەدوایاندا هاوڵاتییانی ڕوسیا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و ئەفغانستان دێن.
زەكی ئەوەشی خستەڕوو، شارەكانی ئیستەنبوڵ، ئەنتاڵیا، ئەنقەرە و مۆگلا لە ڕیزبەندیی ئەو شارانەی توركیادان كە زۆرترین موڵكیان تێدا فرۆشراوە بە كەسانی بیانی.