وەزیری سامانە سروشتییەکان دووبارە لەبارەی دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر ماڵاندا قسەیكرد، بەوتەی خۆی، “بەهەمان بڕ بەردەوامە و خەڵكیش ڕازییە”، گرانبوونی نرخەكەشی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی نەوتەكە لە عێراقەوە هێنراوە و بە كرێی گواستنەوەوە گەیشتووەتە 90 هەزار دینار.
لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەمیانی سەردانکردنی چەمانکێ و شێخان، کەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، قەیرانی نەوتی سپی قەیرانێکی زەحمەتە، “هەموو هەوڵێکمان بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە بووە، سەردانی ئەمڕۆشمان بەشێکی بۆ زانینی چۆنێتیی دابەشکردنی نەوت بووە”.
بەوتەی خۆی، “تائێستا نەوتی سپی بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دابەشکراوە و هیچ کێشەیەک لە دابەشکردنیدا نییە و خەڵکیش ڕازین”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “دابەشکردنی نەوتی سپی دوو بەش بووە، یەکێکیان نەوتی هەرێمی کوردستان بووە، کە حکومەتی هەرێم پاڵپشتییەکی گەورەی بۆکردووە، ئەو نەوتە بە 55 هەزار دینار دابەشکراوە، بەڵام ئەو نەوتە کە بڕەکەی 100 ملیۆن لیتر بووە بەشی پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی نەکرد، بۆیە “چووینە بەغداد بەمەبەستی دابینکردنی بڕی نەوتی پێویست بۆ پڕکردنەوەی کەموکوڕییەکان، ئێستا ئەوەی دابەشدەکرێت بە 90 هەزار دینار ئەو نەوتەیە کە لە عێراقەوە هێنراوە و لەسەرتاسەری عێراق بەهەمان ئەو نرخە دەفرۆشرێت”.
وەزیرەكە هۆكاری زۆریی نرخەكەشی گەڕاندەوە بۆ تێچوونی گواستنەوەی نەوتەکە لە عێراقەوە، نەشیشاردەوە، پێشتر نەوت نەگەیشتووەتە سەرجەم هاوڵاتییان، وتی، ”هیوادارین بگاتە سەرجەم هەرێمی کوردستان”.