بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسی، ئەمڕۆ بارانبارین لە هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت، بەڵام سبەینێ ئاستی بارانەكە هێواشتردەبێتەوە و دەبێتە نمەباران.
كەشناسیی هەرێمی كوردستان پێشبینییەكانی بۆ ئەمڕۆ و سبەینێ بڵاوكردووەتەوە، ئەمڕۆ لە تەواوی شارەكانی هەرێمی كوردستان بارانبارین بەردەوام دەبێت، لە پاشنیوەڕۆ بڕی دابارین زیاتر دەبێت، بەتایبەت لە هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجە.
كەشناسی پێشبینیشی كردووە، سبەینێ ئاستی بارانبارین كەمتردەبێتەوە و دەگۆڕێت بۆ نمەباران، لەگەڵ ئەوەی ئاسمانی هەرێم هەوری تەواو دەبێت.
هەروەها كەشناسیی هەرێم ڕێژەی بارانبارینی 24 كاتژمێری ڕابردووی بڵاوكردەوە، لە سەنتەری پارێزگاكان، هەڵەبجە زۆرترین بارانی لێباریوە بە 11 ملم، دواتر دهۆك بە 9.2 ملم، سلێمانی 7.9 ملم و كەركوك 2.5 ملم بارانیان لێباریوە، هەولێریش بە 1.9 ملم كەمترینی لێباریوە.
زۆرترین رێژەی بارانبارین لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا لە ناوچەی بەرزنجەی سلێمانی بووە بە 29.5 ملم.