كازمی: “تاوانكارانی” ڕووداوەكەی جبەلە بە توندترین شێوە سزادەدرێن

مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ڕووداوەكەی جبەلە بە “كوشتاری جەرگبڕی ڕاستەقینە” ناوزەددەكات و بەڵێندەدات هەموو “تاوانكاران” سزابدرێن، كەسوكاری قوربانییەكانیش قەرەبووبكرێنەوە.

مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەبارەی ڕووداوەكەی ناحیەی جبەلە لە پارێزگای بابل كە كوژرانی 20 ئەندامی خێزانێكی لێكەوتەوە ڕایگەیاند، “ئەوەی ڕوویدا كوشتارێكی جەرگبڕی ڕاستەقینە بوو، كۆمەڵێك تاوانكار لەژێر پەردەی دامەزراوەكانی دەوڵەتدا تاوانێكی قێزەونیان ئەنجامداوە كە ناكرێت لێی بێدەنگبین”.

كازمی ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە سەردانی ناحیەكەی كرد و بەشداریی پرسەی قوربانییەكانی كرد و وتی، “بەهۆی ڕووداوەكەوە فەرماندەی پۆلیسی بابل، بەڕێوەبەری هەواڵگریی بابل و بەڕێوەبەری هەواڵگریی جبەلە لە كارەكانیان لابراون و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت، فەرمانمكردووە هەموو ئەوانەی لە ڕووداوەكەدا تێوەگلاون بدرێنە دادگا و بەتوندترین شێوە سزابدرێن”.

شەوی پێنجشەممەی ڕابردوو هێزێكی سەر بە سواتی عێراقی لە ناحیەی جبەلە لە پارێزگای بابل گەمارۆی ماڵێكیان دا و دەستڕێژی گولـلەیان لە ئەندامانی خێزانەكە كرد و 20 كەسیان كوشت كە 12یان منداڵ بوون. لە كاتژمێرەكانی سەرەتای دوای ڕووداوەكەدا، حكومەت دوو گێڕانەوەی جیاوازی بۆ ڕووداوەكە هەبوو، سەرەتا وابڵاوكرایەوە كە هێزە ئەمنییەكان گەمارۆی ماڵی بازرگانێكی ماددەی هۆشبەریان داوە و خۆی ڕادەستنەكردووە و هاوژین و منداڵەكانی و خۆیشی كوشتووە.

دواتر دەركەوت سەرۆكی خێزانەكە جوتیاربووە و هۆكاری ڕووداوەكە، ناكۆكیی نێوان ئەو و برازایەكی بووە كە زاوایەتی، زاواكەی هێزەكەی بردووەتەسەر ماڵەكە و ئەو كوشتارەیان ئەنجامداوە.

سەرۆك وەزیرانی عێراق لەو بارەیەوە دەڵێت، “هەموو ئەوانەی لە شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی و وەزارەتی ناوخۆ كە زانیارییان لەبارەی ڕووداوەكەوە بڵاوكردبووەوە، لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت، چونكە زانیاریی چەواشەكارانەیان بڵاوكردووەتەوە”.

مستەفا كازمی بەڵێنی بە كەسوكاری قوربانییەكان دا دادپەروەری لەگەڵ “تاوانكارەكان”دا جێبەجێبكرێت و وتی، “بەڵێندەدەم بە بەردەوامی بەدواداچوون بۆ ئەم دۆسیەیە بكەم تا ئەو كاتەی دادپەروەری دەرهەق بە هەموو تاوانكاران جێبەجێدەكرێت و خێزانەكە قەرەبوودەكرێنەوە”.

بابەتی پێشتر

شەش حزب داوادەكەن هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بكرێت

بابەتی دواتر

ناوی هاوكاران و بڕی هاوكارییەكانیان بۆ زیانلێكەوتووانی لافاوەكەی هەولێر بڵاوكرانەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئامارەكانی بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەرەوە لە عێراق مەترسیدارن

پرسی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لەعێراقدا مشتومڕی بەردەوامی لەسەرە، لێدوانە ‏فەرمییەكان لەوبارەیەوە باسلەوەدەکەن، ڕێژەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لەناو ‏گەنجان…
Total
0
Share