لە ساڵیادی کوشتنی قاسم سولەیمانیدا، ئێران جارێکی دیکە هەڕەشەکانی لە ئیسرائیل و ئەمریکا دەستپێکردەوە و بەهۆی سانسۆرکردنی پۆستەکانی تۆڕە كۆمەڵایەتییە جیهانییەکان لەبارەی سولەیمانی-یەوە، ئێران دەڵێت، “دووجار قاسم سولەیمانی تیرۆرکراوە”.
بەهۆی سڕینەوەی سەدان پۆست لەبارەی قاسم سولەیمانییەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستگرام، دەستەی مافی مرۆڤی ئێرانی دەڵێت، “دوای تیرۆری جەستەیی قاسم سولەیمانی، سانسۆرکردنی وێنە و پۆستەکان لەبارەی ئەوەوە، تیرۆری گریمانەیی سولەیمانی بوو”.
دەستەکە داوای لە ئێرانییەکانی لایەنگری کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە، بێدەنگ نەبن لەو کردەوەیەی لە دژیان ئەنجامدراوە و سکاڵابکەن، ئەمە جگە لەوەی ئەو هەنگاوەی بە کوشتنی بۆچوونی ئێرانییەکان لەلایەن دەسەڵاتدارانی ڕۆژئاواییەوە وەسفكردووە.
لە دووەمین ساڵیادی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، ئێران جارێکی دیکە هەڕەشەکانی لە دژی ئیسرائیل و ئەمریکا دەستپێکردەوە و دەڵێت، ”خوێنی ئەو دوو سەرکردە شیعەیە بەهەدەرناچێت”.
پێشتر عەلی خامنەیی، ڕابەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لەبارەی کوشتنی قاسم سولەیمانییەوە ڕایگەیاندبوو، “دۆناڵد ترەمپ و ئیدارەکەی لە شەهیدکردنی سولەیمانیدا پشکی گەورەیان بەرکەوتووە و ترەمپ دەبێت باجی ئەوە بدات”.
بەهۆی هەژموونی ئێرانەوە بەسەر ئاراستەی شیعە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، کوشتنی قاسم سولەیمانی و یادەکەی، کوشتنی ئەبومەهدی موهەندیسی وەک سەرکردەیەکی شیعەی عێراق شاردووەتەوە و لەو یادەدا زیاتر باسی قاسم سولەیمانی دەکرێت.