كەشناسیی هەرێم پێچەوانەی عێراق پێشبینیی باران و بەفر دەكات

كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند، له ‌سبه‌ینێ دووشه‌ممه‌وه‌، ‏شه‌پۆلێكی به‌فر و بارانبارین ناوچه‌ جیاجیاكانی هه‌رێمی كوردستان ده‌گرێته‌وه‌، پله‌كانی ‏گه‌رماش به‌ نزمی ده‌مێننه‌وه‌.‏

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێم بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، ‏‏”سبه‌ینێ دووشه‌ممه‌ له‌ كاته‌كانی به‌یانی زوودا كاریگه‌ریی بارسته‌هه‌وایه‌كی ساردی ‏جه‌مسه‌ری درێژده‌بێته‌وه‌ بۆسه‌ر ناوچه‌كه‌مان، باران له‌ به‌شێك له‌ سنووری پارێزگاكان ‏ده‌بارێت”.‏

كەشناسی پێشبینی ئه‌وه‌شیكردووه‌، له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر ئاستی باران ‏مامناوه‌ند ‌بێت و له‌ سه‌نته‌ری پارێزگاش ئه‌گه‌ری نمه‌بارانی هه‌یه.‏

هه‌ر به‌پێی پێشبینییه‌كانى كه‌شناسیی هه‌رێم، بارانبارین له‌ كاته‌كانی به‌یانی زوو تا ‏كاته‌كانی پێشنیوه‌ڕۆ به‌رده‌وام ده‌بێت، له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌ به‌رزه‌كانیش وه‌ك زنجیرەچیای ‏سه‌فین و زنجیره‌ چیاكانی سنووری ئیداره‌كانی سۆران و ڕاپه‌ڕین به‌فر ده‌بارێت، تا ‏كاته‌كانی پاشنیوه‌ڕۆ”.‏

هه‌ر به‌پێی پێشبینییه‌كانى كه‌شناسی، له‌ سه‌نته‌ری سلێمانی نمه‌باران ده‌بێت و له‌ ناوچه‌ ‏شاخاوییه‌كانی ده‌وروبه‌ریش به‌فر ده‌بارێت.‏

پێشتر عامر جابری، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی كەشوهەوای عێراق ڕایگەیاندبوو، لەماوەی كەمی داهاتوودا ئەگەری ڕوودانی لافاو لە شارەكانی هەرێم و عێراق ‏بەدوودەزانرێت.

باسی له‌وه‌شكردبوو، بەپێی پێشبینییەكان كەشوهەوای ڕۆژانی داهاتوو لەنێوان هەور و نیمچەهەوردا ‏دەبێت، لەگەڵ ئەگەری نمەباران لە هەندێك ناوچەدا.‏

بابەتی پێشتر

دژەكۆرۆنا.. ئەو كەسانەی تووشی كۆرۆنا نابن و زانایانیان شۆككردووە

بابەتی دواتر

وەزارەتی نەوت داهاتی نەوتی مانگی ڕابردووی بڵاوکردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share