شارەوانیی هەولێر دەڵێت، سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەكی زۆر سەلەی خۆڵ لە بازاڕدا دانراوە، بەڵام شەوی ڕابردوو زبڵ و خاشاک و پاشماوەی زۆر فڕێدرابووە سەر شەقامەکان.
سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر ڕایگەیاند، دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو، کە کۆتا شەوی ساڵی 2021 بوو، ژمارەیەکی زۆری گەشتیار و هاوڵاتیان لە بازاڕی هەولێر کۆبوونەوە، بەداخەوە وێڕای ئەوەی ژمارەیەکی زۆری سەلەی زبڵ (حاویە) لە بازاڕ داندراوە، بەڵام زبڵ و خاشاک و پاشماوەی زۆر فڕێدرابووە سەر شەقامەکان.
دەشڵێت، لەڕێگەی تیمی فراوانی بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی، هەڵمەتێکی پاککردنەوەی زبڵ و خاشاک و پاشماوەکان و شتنیان بۆ بازاڕی هەولێر ئەنجامدا.
شارەوانیی هەولێر داواش لە هاوڵاتیان دەکات، لەمڕۆوە كە یەکەم ڕۆژی ساڵی نوێیە، هاوکاری کرێکار و تیمەکانی شارەوانی بن و ژینگەی شار بە پاکی ڕابگرن.