جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێوە لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، هیوادارن ساڵی داهاتوو خۆشگوزەرانی و ئاشتی و ئارامی باڵ بەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکەدا بکێشێت.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە پەیامەکەیدا دەڵێت، ” بەبۆنەى هاتنی ساڵى نوێوە گەرمترین پیرۆزباییتان لێ دەکەم و ئاواتەخوازم گەلەکەمان بەخێر و خۆشییەوە هەنگاو بنێتە نێو 2022 و لەو ساڵەدا خۆشگوزەرانی و ئاشتی و ئارامی باڵ بەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکەدا بکێشێت”.
قوباد تاڵەبانی وتوشیەتی، ” هیوادارم ساڵى نوێ ببێتە ساڵى یەکڕیزی ناو ماڵى کورد و یەکگوتاری هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلى کوردستاندا”.
لەبارەی دۆخی هەرێمەوە جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ڕاشیگەیاندووە، ” ھەر لەم بۆنەیەدا دووپاتی دەکەینەوە کە لەهەوڵەکانمان بەردەوام دەبین بۆ چاکسازی و گەشەپێدانی ئابوورى و کۆمەڵایەتی و دەستەبەرکردنی هەلى کاری زیاتر بۆ گەنجان و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ ھاوڵاتیان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر بەکۆمەڵانی خەڵکی کوردستان”.