لە هەنگاوێكی نوێدا وەزارەتی دارایی هەرێم بڕیاریدا بە “دروستكردنی سیستەمێكی تۆماركردنی سەرجەم زانیارییەكان بۆ خانەنشینانی هەرێمی كوردستان”.
لە ڕاگەیەندراوێكدا وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاندووە، “ئەمڕۆ دووشەممە ڕێككەوتی 9ی تشرینی دووەم، بە ئاراستەی ئەنجامدانی چاكسازی لە دیوانی وەزارەتی دارایی و ئابوری بە ئامادەبوونی بریكاری وەزارەتی پلاندانان و هەردوو ڕێكخراوی (UNDP) و (USAID) لەگەڵ بەڕێوبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی، بە مەبەستی دروستكردنی سیستمێكی تۆماركردنی سەرجەم زانیارییەكان بۆ خانەنشینانی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە”.
لە كۆبوونەوەكەدا پوختەی سیستمەكە بۆ وەزیری دارایی و ئابوری خراوەتەڕوو، كە “سیستمێكی زانیاریی پێشكەوتووە بۆ بەڕێوبەرایەتیی گشتیی خانەنشینیی هەرێمی كوردستان”.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكەی وەزارەتی دارایی، ئاوات شیخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری ڕایگەیاندووە، “بەپێی توانا هاوكاریی تەواو بۆ پێشخستن و بەردەوامی ئەو سیستمە دەدات”.
ئاماژە بەوەشكراوە، سیستمەكە چەند گرنگییەكی بەرچاوی هەیە لەوانەش (نەهێشتنی خانەنشینیی دووبارە، دیاریكردنی بڕی شایستەی خانەنشینی و پاراستنی دۆسییەكان) لەهەمانكاتدا ڕۆتین كەمدەبێتەوە و مامەڵەكانی خانەنشینی خێراتر دەبێت”.