عامری داوای ڕادەستكردنی بنكەی سەربازیی هەریر لە ئەمریكا دەكات

هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح (كۆكەرەوەی زۆرینەی گروپەكانی حەشدی شەعبی) داوادەكات ئەمریكا هەردوو بنكەی سەربازیی هەریر و عەین ئەسەد ڕادەستبكاتەوە.

عامری باسی لە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق كرد و ڕایگەیاند، “پێویستە هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق (بە هەموو جۆرەكانیانەوە) تا 31/12/2021 بكشێندرێنەوە و ڕێگە بە مانەوەی هیچ هێزێكی شەڕكەر نادەین لەژێر هەر ناو و پاساوێكدا بێت”.

لە ڕاگەیەندراوێكدا كە هاوپەیمانیی فەتح بڵاویكردووەتەوە، هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانێتییەكە داواكارییەكانی خۆی لەبارەی دەرچوونی هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكا لە عێراق دەستنیشانكردووە، یەكێكیان ڕادەستكردنی هەموو بنكە سەربازییەكانە بە هێزە عێراقییەكان، لەوانە هەردوو بنكەی سەربازیی هەریر لە هەرێمی كوردستان و عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار.

سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح پێداگیریدەكات لەسەر ئەوەی فەرماندە سەربازییە باڵاكان بەشێوەیەكی ورد ئەوە دیاریبكەن كە بوونی ڕاوێژكار و ڕاهێنەر و هونەرییەكانی ئەمریكا چەند پێویستە، ئەوەش بەپێی یاساكانی عێراق بێت و سەروەریی تەواوەتیی عێراق دەستەبەربكات.

بابەتی پێشتر

تەندروستیی عێراق گەڕانەوە بۆ قەدەغەی هاتوچۆ و خوێندنی ئەلیکترۆنی بەدووردەزانێت

بابەتی دواتر

مریشكی برژاوی کەهرەمانە لە سلێمانی داخرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share