قوباد تاڵەبانی: ئاسانکارى زیاتر دەکەین بۆ دامەزراندنى کۆمپانیاكان

كۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانی و چەند بەرپرسێكی باڵای حكومەت

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ڕایدەگەیەنێت، ئامانجمانە ئاسانتری بکەین بۆ هاوڵاتییان کە کۆمپانیای خۆیان دابمەزرێنن چونکە کەرتێکی تایبەتی بەهێز، بڕبڕەی پشتی ئابوورییەکی بەهێز و هەمە‌جۆرە‌ لە هەرێمی کوردستان.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ئەمڕۆ دووشەممە 9ی تشرینی دووەم بە‌ئامادە‌بوونی وە‌زیری بازرگانی و پیشە‌سازی و سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کرد تایبەت بە نوێکردنەوەی پڕۆسەی تۆماری کۆمپانیاکان کە بەشێکە لە پلانی چاکسازی حکومەتی هەرێم لە چوارچێوەی بەرنامەی خزمەت و کەمکردنەوەی ڕۆتین.

لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی چۆنیەتی ئاسانکردنی کاروباری تۆماركردنی کۆمپانیاکان کرا، لەگەڵ ڕەخساندنی کەشێکی لەبار بۆ ئەوەی ببنە هۆکاری گەشکردن و بووژاندنەوەی ئابووری. بۆیە لە‌ تە‌وە‌ری یەکەمی كۆبوونە‌وە‌كە‌دا، پلانی كورتخایە‌ن و درێژخایە‌ن بۆ ئەو مەبەستە خرانەڕوو، کە چۆن پێداچوونەوە بە پڕۆسەکە بکرێت لە پێناو کەمکردنەوە و نەهێشتنى ئەو ئاڵۆزی و ڕۆتینەی ئێستا هەیە.

هەروەها باس لە پێداچوونەوە بە تۆماری کارگە و مافی بەکارهێنانی هێمای بازرگانی بیانی کرا، لەو بڕگەیەدا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری پیشەسازی و بازرگانی جەختیانکردەوە، دەبێت حکومەت بەردەوام بێت لە چاکسازی و هەموو کارئاسانییەک بکات لەپێناو باشتر خزمەتکردنی هاوڵاتییان و پڕکردنەوەى ئەو کەلێنەی لە ئابوری کوردستاندا هەیە بە پشتیوانی کەرتی تایبەت.

ئەم هەنگاوانەی حکومەتی هەرێم مەبەست لێی کەمکردنەوەی ڕۆتینە لە پرۆسەی تۆماری كۆمپانیاكان و ئەو کەسانەی دەیانەوێت کۆمپانیای بچووک، مامناوەند و کۆمپانیای تاکەکەسی دابمەزرێنن زیاتر سوودی لێ ببینن.

ئەم هەنگاوانە بەشێکن لە بەرنامەی خزمەت کە بەسەرپەرشتی جێگری سەرۆکی حکومەت ئەنجامدەدرێت لە پێناو ئەوەی خزمەتەکانی حکومەت بەشێوەیەکی باشتر و خیراتر و بە‌ تێچوویەکی گونجاوتر بگاتە هاوڵاتییان.

بابەتی پێشتر

زاوا گەورەکەى ئەردۆگان بۆچى دەستى لەکار کێشایەوە؟

بابەتی دواتر

لیژنەی دارایی: ڕێككەوتن كراوە لەسەر تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای قەرز

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

هەولێر.. کەسێک دوا ئەوەی کێشەی بۆ هاوسەرەکەی دروستکردبوو رووبەڕووی هێزەکانی پۆلیس بووەوە

پۆلیسی هەولێر ئاشکرایکرد کە تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردووە، پێشتر کێشەی بۆ هاوسەرەکەی دروستکردبوو، لە کاتی دەستگیرکردنیدا رووبەڕووی هێزەکانی پۆلیس بووەتەوە…
Total
0
Share