ئەمڕۆ هەڵمەتێكی سەربازیی فراوان بۆ شوێنكەوتنی پاشماوەی چەكدارانی داعش لە چوار پارێزگا دەستیپێكرد، كە یەكێكیان لە نزیك زنجیرە چیای حەمرین دەبێت، بەپێی دەسەڵاتدارانی عێراقی ئۆپەراسیۆنەكان بۆ چەسپاندنی ئاسایش و كۆتاییهێنانە بە جموجوڵەكانی ڕێكخراوەكە.
ئۆپەراسیۆنەكان هاوكاتن لەگەڵ نزیكبوونەوەی ئەركی شەڕكەریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بە سەرۆكایەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و گۆڕینی ئەركیان بۆ ڕاهێنان، ئەمەش لەسەر هێزە ئەمنییەكانی عێراق پێویست دەكات ئەركی چەسپاندنی ئاسایش لە وڵاتدا، بەبێ بەشداری و هاوكاریی هێزەكانی هاوپەیمانان لەئەستۆبگرن.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی، لەژێر چاودێریی فەرماندەیی پرۆسە هاوبەشەكان و پشتبەست بە زانیاریی هەواڵگریی ورد، سێ ئۆپراسیۆن دەستیپێكردووە، یەكەم لە باشووری ڕۆژئاوای قەزای ڕوتبە (ڕۆژئاوای پارێزگای ئەنبار)، دووەم لە ڕۆژئاوای سەرسار، سێیەمیش لە باشووری قەزای حەزەر لە پارێزگای نەینەوا دەبێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، ئۆپراسیۆنەكان پێكەوە و بۆ شوێنكەوتنی پاشماوەی چەكدارانی داعش و پاككردنەوەی ناوچەكان و لەناوبردنی تیرۆر بەسەرجەم جۆرەكانیەوە و لەپێناو هێنانەدی ژینگەیەكی سەقامگیر ئەنجامدەدرێن.
لای خۆیەوە لیوا یەحیا ڕەسوڵ، وتەبێژ بەناوی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان دەستپێكردنی پڕۆسەیەكی سەربازیی لە زنجیرە چیای حەمرین لە سنووری پارێزگای دیالە ڕاگەیاند.
بەپێی ئەو نووسینەی یەحیا ڕەسوڵ لە تویتەر بڵاویكردووەتەوە، پڕۆسەكە هێزە ئەمنییە عێراقییەكان و حەشدی شەعبی بەشدارن تیایدا و وا دەردەكەوێت هێزەكانی پێشمەرگە بەشدارنین.
ڕوونیشیكردوەتەوە، پڕۆسەكە بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە زنجیرە چیاكە و ”ڕێگرییە لە تیرۆرستان لەوەی بیكەنە پەناگەیەكی ئارام بۆخۆیان”.
هاوكات حەشدی شەعبی ئاشكرایكرد، پڕۆسەكەی حەمرین لە پێنج میحوەرەوە ئەنجامدەدرێت.