ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەمریکی ئەمڕۆ شەممە تێلسکۆپی گەورەی جەیمس وێب ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان دەکات، کە ماوەی نزیکەی 20 ساڵە پلانی بۆدادەنرێت، زانایان ئەمڕۆ بە ڕۆژێکی مێژوویی لە بواری زانستدا دادەنێن.
ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، تێلسکۆپی جەیمس وێب دەتوانێت مرۆڤایەتی ئاشنابکات بە سەرەتاکانی گەردوون و دروستبوونی گەلەئەستێرە سەرەتاییەکان لەگەردووندا.
بڕیارە وێب ئەمڕۆ كاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ بە كاتی ئەوروپا لە بنكەی کۆرۆ لە ئاژانسی ئاسمانیی ئەوروپاوە لە “گوایانا”ی فەرەنسیەوە بەرەو بۆشایی ئاسمان ڕەوانە بكرێت.
جەیمس وێب ماوەی نزیکەی 20 ساڵە پلانی بۆ دادەنرێت و زیاتر لە 10 ملیار دۆلاری لەلایەن ئاژانسی ناسا، ئاژانسی ئاسمانیی کەنەدا و ئاژانسی ئاسمانیی ئەوروپاوە تێدا خەرجکراوە.
جەیمس وێب شوێنی هابڵ دەگرێتەوە، ئاژانسی ناسا ئاشکرایکردووە، لە دەیەی داهاتوودا تێلسکۆپەکە دەبێتە تەنها سەرچاوەی زانستیی بۆشایی ئاسمان.
جەیمس وێب توانای هەستیاریی بۆ لەرەلەر و وەرگرتنی زانیارییەکان 100 هێندەی تێلسکۆپی هابڵە، هەروەها خولگەكەی لە دووریی 1.5 ملیۆن كیلۆمەتر لە دووری زەوییەوە دەبێت.
جەیمس وێب مرۆڤایەتی دەباتەوە بۆ سەرەتاكانی دروستبوونی گەردوون و ڕووداوەكانی 100 بۆ 200 ساڵی دوای تەقینەوە گەورەکە “بیگ بانگ”مان بۆ ئاشكرادەكات، دەتوانێت چۆنیەتیی دروستبوونی كۆمەڵەی خۆر بە ووردی ئاشكرابكات، لە ئەگەری بوونی هەسارەی هاوشێوەی زەوی دەكۆڵێتەوە.
سەرۆکی ئاژانسی ناسا دەڵێت، “جەیمس وێب دەتوانێت بە زانیارییەکانی بیركردنەوەمان سەبارەت بە گەردوون بگۆڕێت”.
پێکهاتەی کەشتییەکە:
پێکهاتەی کەشتییەکە لە 18 ئاوێنە بەتیرەی 6.5 بۆ هەریەكەیان کە لە كانزای (بێرلیۆم و زێڕ) دروستکراون، پێكهاتووە، هۆکاری دروستکردنی ئاوێنەكان لەو کانزایانە بۆئەوە دەگەڕێتەوە بۆشایی ئاسمان بڕێكی زۆر لەو تەنۆلكە ووزە ئاستبەرزانەی تێدایە، كە لە خۆرەوە دەردەچن، بۆیە دەبێت لە کانزایەک دروستبكرێت كە توانای بەرگەگرتن و بەردەوامیی بەرامبەر ئەو ووزانە هەبێت.
كێشی جەیمس وێب 12 هەزار و 264 کیلۆگرامە و درێژیی باڵەكانی 12.22 مەترە.
زانایانی ناسا باس لەوە دەکەن، یەکێک لەلایەنە نەرێنییەکانی تێلسکۆپەکە ئەوەیە لەكاتی هەڵدانی بۆ ئاسمان و دواتریش، لەئەگەری بوونی هەر كێشەیەک، توانای چاککردنەوەی نییە و دەکرێت ببێتە هۆی لەناوچوونی هەموو هیوا و هەوڵەکانی زانایان.
سێڵفییەک لەگەڵ تێلسکۆپی جەیمس وێب