لێکۆڵینەوەیەکی ڕۆژنامەوانی، کە لەکەناڵی بی بی سی بڵاوکراوەتەوە، سوپای میانمار بە کۆمەڵکوژیی خەڵکانی مەدەنی تۆمەتباردەكات و لەهەندێک حاڵەتدا “ئەشکەنجەدان تا مردن”ی لەگەڵ کەسانی مەدەنی بەکارهێناوە.
بەپێی قسەی شایەتحاڵان، کە قسەیان بۆ لێکۆڵینەوەکە کردووە، لە ئەمساڵدا سوپا 40 کەسی کۆمەڵکوژکردووە و ئەو کەسانەشی کە کوژراون کەسانی مەدەنی بوون.
بەپێی وتەی شایەتحاڵان، لە گوندێک بەناوی “کانی” لە میانمار، سوپا خەڵکەکەی کۆکردووەتەوە و ژن و منداڵی جیاکردووەتەوە و پیاوەکانی کوشتووە.
لە هەوڵی کودەتاکەی ئەمساڵدا، کە بووە هۆی ڕوخانی حکومەتەکەی ئانگ سان سوچی، سوپای میانمار بەرامبەر بە کەسانی مەدەنی توندوتیژی و کۆمەڵکوژیی بەکارهێناوە.
شایەتحاڵان لە گوندی “یین” لە میانمار، قسەیان لە لێکۆڵینەوەکەدا کردووە و دەڵێن، سوپا لەو گوندە 12 پیاوی ئەشکەنجەداوە و لێیداون هەتا مردوون، بەجۆرێک ئەو پیاوانەیان بە دەستبەستراوی سەرەوژێر هەڵواسیوە تا مردوون”.
ژنێک لە لێکۆڵینەوەکەدا قسەدەکات و دەڵێت، “سوپا هاواری بەسەر ئێمەدا دەکرد کە ئایا مێردەکانمان لەناو ئەم کەسانەدایە؟، ئەگەر هەیە ئەوا نزای کۆتاییان بۆ بخوێنن، ئێمەش نەماندەتوانی سەیری دیمەنەکە بکەین و لەبەردەمماندا ئەشکەنجە دەدران”.
شەڕی نێوان سوپای میانمار و گروپە ئۆپۆزسیۆنە ناوچەییەکان بەردەوامیی هەیە و سوپا دەیەوێت لەڕێگای نیشاندانی هێز و توندوتیژییەوە، گروپەکان بترسێنێت.